لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەتایبەتیش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەتی هەرێم لە سەر دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان بەردەوامییان هەیە و خۆپیشاندەران داوای موچە و باشترکردنی گوزەرانیان دەکەن.
لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕانیە و کەلار و زاخۆ، خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەچوون و لە هەندێک لە شارەکانیش بەردەوامییان هەیە.
لە شارەکانی هەڵەبجە و ڕانیە، خۆپیشاندەرانهێرشیان کردۆتە سەر چەند فەرمانگەیەکی حزبی و حکومی وەکو باڵەخانەکانی قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ و لقی پارتی دیموکراتی کوردستان
خۆپیشاندەران باس لەوە دەکەن کە گوزەرانی خەڵک لە ئاستێکی خراپدایە و هەرێمی کوردستان بە نادادی و گەندەڵی تەنراوە و ئەوان چیدی ناتوانن قبووڵی بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە هاوڵاتییان مووچەی چەندین مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریدایە خۆپیشاندەران لەوەی بەکارهێنانی توندوتیژی و هێرشکردنە سەر دامەزراوە حکومییەکان پێشێلکردنی یاسایە. حکومەتی هەرێمیش هۆکاری پێنەدانی مووچە بۆ کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەند دەگێڕێتەوە.
وەها بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممەش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە چەند شار و شارۆچکەیەکی پارێزگای سلێمانیدا دەستپێبکەنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە شارەکاندا هەستاون بە دانانی هێزی ئاسایشی بۆ ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندانەکان.
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی ڕێباز مەجید، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە: