هێرشە چڕ و بەردەوامەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەی شێرک ی ڕۆژاوای قەزای خانەقین ی پارێزگای دیالە بەردەوامن، دۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی تێکچووە، کەم شەو هەیە، داعش لەو ناوچەیە هێرش ئەنجام نەدات، بەرپرسانی ئەمنیش لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بەئامانج کردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە هەیە.
ناوچەی شێرک، دەکەوێتە نێوان قەزای خانەقین، ناحیەکانی جەلەولا و کوڵەجۆوە، ناوچەکە لە ژمارەیەک گوند پێکهاتووە، هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکانیشی تێدایە، بەڵام چڕی دارستانەکانی و زۆری دۆڵ و شیوەکانی، یارمەتیدەرێکی باشی چەکدارانی داعشە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان.
جەواد داودی ئەنجومەنی گوندی شێرک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش دەیەوێت ئەو گوندانە بە دانیشتوانەکانیان چۆڵ بکات، تا لەوێوە بە ئاسانی هاتووچۆ بکەن، لەحەمرینەوە بۆ خانەقین بپەڕنەوە."
لەماوەی چەند شەوی ڕابردوودا، داعش چەندین هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی شێرک، لە هێرشێکیاندا، دوو بارهەڵگریان سوتاند و چوار کەسیان گولە بارانکرد، لە هێرشێکی تردا کە شەوی ڕابردوو ئەنجامیاندا، دوو چەکداری حەشدی شەعبیان کوشت و سێ سەربازی عێراقیان بریندارکرد.
چڕکردنەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شێرک، بۆ چەندین هۆکار دەگێڕدرێتەوە، جگە لە لەباری ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان، هاوکات لەو ناوچەیەوە بەئاسانی دەستیان دەگاتە بازاڕی گوندی قەڵا بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان، کە بە وتەی بەرپرسانی ئەمنی لەو بازاڕە بە ئاسانی پێداویستیەکانیان دەست دەکەوێت.
هەروەها بەشەوان ناوچەی شێرک، کراوەتە ڕێگەیەکی بازرگانی قاچاخ لەنێوان هەرێم و پارێزگای دیالەدا، بارهەڵگرەکان بڕێک پارە دەدەنە هێزە عێراقی و هەندێک لە دەسەڵاتدارە کوردەکان و بارەکانیان بەو ڕێگەیەدا دەپەڕێننەوە، داعش چەند شەوێک لەمەوبەر لەسەر ئەو ڕێگەیە، دوو شۆفێری بارهەڵگری کوشت و بارهەڵگرەکانیشی سوتاندن.
عەقید شەماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شەوان هەندێک لە بارهەڵگرەکان، بە بازگەکانی خانەقین دا ناڕۆن، بەڵکو بەڕێگەی شێرک دا ، هاتووچۆ دەکەن."
چڕکردنەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شێرک، لەکاتێکدایە ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە کوردیشن، بەڵام لە شەوان دا، هەموو جۆرە جوڵەیەک دەوەستێت، هێزە عێراقیەکانیش لە بارەگاکانیان دەرناچن.