بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین ی یەکێتی، ئاشکرایدەکات تا ئێستا دۆخی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین ئاسایی نەکراوەتەوە و هێشتا کاریگەری ناکۆکی نێوان کورد و تورکمانی بەسەرەوە ماوە، جەختیش دەکاتەوە داعش جم و جۆڵێکی زۆری لەسنورەکە هەیە.
لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەلا کەریم شکور کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی یە، دەڵێت" خەڵکی حەویجە دۆخی ناوچەکەیان وەکو پێش ساڵی 2014 ، ساتەوەختی پەیدابوونەوەی داعش دێتە پێش چاو، ئەمە مایەی مەترسیە، بەتایبەت گوندەکان وەزعیان خراپە و دەزگا ئەمنیەکانیش توانایان سنوردارە."
ڕوونیشیدەکاتەوە، داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە و لە دیالەوە تا کەرکوک جم و جۆڵی هەیە، هۆکارەکەشی بۆ ناسەقامگیری عێراق و نەبوونی هێزی پێشمەرگە و فراوانی ناوچەکە دەگێڕێتەوە.
بڕیاربوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق، ژووری هەماهەنگی لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکبهێنن، بەڵام مەلا کەریم شکور گەشبین نیە، دەڵێت"ئیشەکان بەهێواشی دەڕۆن، فەرماندە سەربازیەکانی سنورەکان موماتەڵە دەکەن و باوەڕیان بە کاری هاوبەش نیە، ئەمەی دەکرێت 2%ی ئەو پرۆسەیە کە ئێمە بە تەماین ئەنجام بدرێ."
هاوکات لەگەڵ چالاک بوونەوەی داعش، هێشتا ڕەنگدانەوەی شەڕ و ناکۆکی نێوان کورد و تورکمان بەسەر قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینەوە ماوە ودۆخەکە ئاسایی نەکراوەتەوە، بەرپرسی بازنەی حەمرین ی یەکێتی باسیلەوەکرد وەکو حیزبە کوردستانیەکان گفتووگۆیان لەبارەی چۆنیەتی کارکردن لەگەڵ پێکهاتەکان کردووە، بەتایبەت لەگەڵ تورکمان کە شەڕ و کوشتار لەنێوانیان ڕوویداوە، وتی" وەفدێکی پیاوماقوڵانی کورد بۆ نیشاندانی نیەت پاکی، چونەتە مەوکبی تورکمانە شیعەکان، بەڵام هەندێک لەبەرپرسانی تورکمان هێشتا لە غروردان، غروری ئەوەی کە خۆیان ناویان ناوە سەرکەوتن لە ئۆکتۆبەردا."
ناوبراو وتیشی"ئێمە و شارعی تورکمانیش، جگە لەهەندێک بەرپرسیان، پێمانوایە دەبێت پێکەوە بژین و کەسمان ناتوانین لاکەی ترمان بسڕینەوە."
سەبارەت بە نیازی ئەو بەرپرسانەی نایانەوێت دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، مەلا کەریم وتی"ئەوان حساب بۆ کورد ناکەن، خۆیان بەسەرکەوتوو دەبینن، تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە و هاوسەنگی هێز دروست نەکرێتەوە، هەست بەوە دەکەن."
لەئێستادا ئەمنیەتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقیەکاندایە و حەشدی تورکمانی دەسەڵاتی پێشووی نەماوە لە ناوچەکەدا، بەشێک لە کوردەکانی خورماتوو، ڕازین لە ئەدای هێزە عێراقیەکان و پێیانوایە باڵانسیان لەناوچەکەدا ڕاگرتووە، لەو بارەیەوە بەرپرسی بازنەی حەمرین ی یەکێتی دەڵێت"هێزی وەڵامدانەوەی خێراو لیوای 52 ی سوپا باڵانسیان ڕاگرتووە، لەگەڵ شارعی تورکمانیش پەیوەندیمان باشە، بەڵام هەندێک بەرپرس هانی خەڵک نادەن بۆ لەیەکتری نزیکبوونەوە."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، مەلا کەریم شکور بەرپرسی بازنەی حەمرین ی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد تا ئێستا ئەو خێزانە کوردانە قەرەبوو نەکراونەتەوە، کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ماڵەکانیان سوتێنرا، لەکاتێکدا قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانە، کلیلی ئاشتی و ئاسایبوونەوەی دۆخەکەیە.
ناوبراو وتی"تورکمانەکان لە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی عێراق 15 ملیار دیناریان بۆ دوز و بەشیر و ناحیەی تازە هێناوە، ئێمە بەتەماین ئەو کارە بکەین، هەرچەندە تا ئێستا پێماننەکراوە، چونکە قەرەبوو کلیلی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەیە، خەڵکی ماڵ سوتاو، تا قەرەبوو نەکرێتەوە، ئەو وەزعەی ڕوویدا، لەدڵی دەرناچێت."