Accessibility links

مستەفا چاوڕەش: چەکی پاسەوانی بەرپرسان و پێشمەرگەی نێو سەنگەرەکان هەمووی خراپن


مستەفا چاورەش
مستەفا چاورەش

فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەفتای پێشمەرگە، ئاشکرایدەکات تا ئێستا چەندین جار لە گەڵ فەرماندەکانی عێراق دا بۆ ئەنجامدانی هەماهەنگی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کۆبوونەتەوە، چونکە لەو ناوچانە بۆشایی ئەمنی هەیە ، هێزەکانی داعش لە سوریاوە پەڕیونەتەوە بۆ عێراق و لەسنوری حەمرین کۆبوونەتەوە، بەڵام بەغدا ئامادەکاری کرداری نیە، لەکاتێکدا کەم شەو هەیە، داعش لەسنوری دیالە و سەڵاحەدین چالاکی نەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مستەفا چاوڕەش، دەڵێت" پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی توندوتۆڵ کردووە، داعش با ژمارەشی زۆر نەبێت، چونکە ئەوان هێرش ناکەن تا ناوچە داگیربکەن، بەڵکو دووربینی شەو و چەکی باشیان پێ یە، شەڕی پارتیزانی دەکەن و زیاتر لەسنوری سوپای عێراق جوڵەیان هەیە."

زۆر باس لە دروستکردنی ژووری هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکرێت، بەڵام وەک مستەفا چاوڕەش دەڵێت" تا ئێستا بەکردار، شتێکی ئەوتۆ نەکراوە، کۆبوونەوە دەکرێ و جێبەجێ ناکرێت، بەڵام پێشمەرگە شەڕی داعش بە ئەرکی خۆی دەزانێت و ئامادەی هەماهەنگین."

فەرماندەی هێزەکانی هەفتای پێشمەرگە، هۆکاری سەرنەگرتنی هەماهەنگی نێوانیان لەگەڵ سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە هێزە جیاجیاکانی عێراق لەنێوخۆیاندا تەبا نین، چەندین جۆر هێزی حەشد لەو ناوچانە بوونیان هەیە، تەنانەت لەنێوخۆشیاندا تەبا نین، وتی"ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق دەبێت مامەڵە بکەین، نەک لەگەڵ ئەو هێزانە."

زۆرجار باس لە خراپی دۆخی پێشمەرگە لەڕووی چەک و تەقەمەنی و ڕاهێنانەوە دەکرێت، لەو بارەیەوە مستەفا چاوڕەش دەڵێت"ئەوە پەیوەندی بە دۆخە گشتیەکەوە هەیە، ئەگینا مەسەلە ئەوەنیە دۆخی پێشمەرگە خراپ بێت، ئێمە سەنگەرەکانمان بەهێزن، دەبێت هەوڵ بدەین، خراپی دۆخی ئابووری کاریگەری لەسەر پێشمەرگە نەبێت، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی مەترسی گەورە، دەبێت هەموو لایەکمان چیمان پێدەکرێ، بیکەین."

درێژەی بەقسەکانیدا و جەختیکردەوە"ڕەنگە ئاگاتان لێ نەبێت، ئەگینا سەنگەربەندی چاکمان کردووە، ژمارەیەکی زۆر خاڵی سەربازیمان دروستکردووە، بەڵام چەک و تەقەمەنیە کۆنەکان دەمە زەردیان دەوێ، چەکەکان هیلاک بوون، هیوادارین هاوپەیمانان و حکومەت لەمەدا پشتمان بگرن."

دەربارەی هۆکاری بوونی ژمارەیەکی سنوردار پێشمەرگە لە سەنگەرەکان، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە بەژمارە بوونیان هەیە،هەروەها پیشکەوتویی چەک و تەقەمەنی پاسەوانی بەرپرسان بەراورد بەچەکی ئەو پێشمەرگانەی لەسەنگەرن، مستەفا چاوڕەش وتی"ناتوانیت هەموو پێشمەرگە بخەیتە سەنگەرەوە، هەموو لیواو هێزەکان خشتەی خۆیان هەیە، لەم بێ راتبی و نەبوونی ئیمکانیەتە، هەر ئەوە دەکرێت، لەهەوڵداین تا سەنگەرەکانمان کەم و کوڕیان تێ نەکەوێ، بەڵام وەکو پێویست نین و خۆشمان بەدڵمان نیە، دەبێت چاکی بکەین، ئینجا چەکی کەس لە هی کەس باشتر نیەو هەمووی خراپە."

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، فەرماندەی هێزەکانی هەفتای پێشمەرگە، ئاشکرایکرد هاوپەیمانان بەڵێنی پڕچەککردنی چەند لیوایەک پێشمەرگەیان پێداون، گەر لەنێوخۆیاندا تەبابن، وتی"گەر بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵێنیان داوە پشتیوانمان بن."

وەک مستەفا چاورەش ئاماژەی پێکرد، هاوپەیمانان بۆ هاوکاری کردنیان، "تەبابوون"یان کردووەتە مەرج ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەنێوخۆیاندا دەتوانن تەبا بن، لەکاتێکدا هێزەکان لەسەر بنەمای حیزبی بوون پێکهێنراون، لە وەڵامدا مستەفا چاورەش وتی"بۆ تەبا نابین، خۆ دوژمنی یەک نین، ئێمە یەک میللەتین و چارەنوسمان یەکە، دووژمنەکانمان یەکن، دەبێت یەکڕیز و تەبا بین، کەم و کوڕیەکانمان چارەسەر بکەین."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، بۆچی ئەو هێزانەی کە یەکخراونەتەوە، تەنانەت ڕەنگدانەوەی حیزبی بەسەر یەکخستنەوەکانیشیانەوە دیارە، بەو پێیەی پێکهاتەی هێزەکان بەشێوەیەک لەسەر بنەمای حیزبی ڕێکخراونەتەوە، لەهەندێک ، هێز عەقید کراوەتە جێگری موقەدەم، یاخود مولازم بەرپرسی ڕائیدە، لەو بارەیەوە مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەکانی هەفتای پێشمەرگە بە نیگەرانیەوە وتی"ئەوە عیلاقەی بە پرسیاری ئێوەوە نیە، مەڕۆنە ناو وردەکاریەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:57 0:00


XS
SM
MD
LG