لە ژیانی فەرهەنگی هەر کۆمەڵگەیەکدا، گرنگ تەنها ئەوەندە نییە باس لە ژانرە جیاوازەکانی ڕۆشنبیریی بکرێت، شیعر بە نمونە. بەڵکو گرنگییە سەرەکییەکە لەوەدایە چۆن و بە چ جۆرە ئاخاوتنێک باس لە بەهاکانی شیعر دەکەین، چۆن لە خەیاڵ و فەنتازیای شیعر دەڕوانین.
ئەگەر پۆلێنی شیعر لەسەر بنچینەی نەوەکانی شیعر بکەین، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک پێویستە تایبەتمەندێتییەکانی شیعری ئەو نەوەیە بناسینەوە لەو ڕووبەرە شیعرییەی دەخوازین لەسەری بدوێین.
دەقی شیعر، وەک دەگوترێت بەهۆی تەکنیکەوە پێناسەی خۆی دەکات و ناسنامەی خۆیمان پێدەبەخشێت، لە کاتێکدا پرسیاری سەرەکیش لێرەدا لەسەر تەکنیکی شیعرە لە نێوان ڕامان لە بابەتەکان، یان دروستکردن و پێکهێنانی بابەتەکان.
بەڵام ئەوەی بەردەوام جەختی لێدەکرێتەوە ئەوەیە کە پێویستە شاعیر هیچ یەکێک لە ڕەگەزەکانی شیعر فەرامۆش نەکات تا بەهای شیعر لە شوێن و پێگەی شیاوی خۆیدا بمێنێتەوە و پارێزگاری لە دەنگ و ڕەنگ و شێوازی خۆی بکات لە ڕێی ئاوازەکانی دەربڕینەوە.
ڕەزا حەمە، یەکێکە لەو شاعیرانەی هێدی هێدی هەنگاوی خۆی دەنێت. هیچ کاتێکیش هێندەی ئەوەی شیعرەکانیم خوێندونەتەوە، هەستم نەکردووە بەوەی ئەم شاعیرەمان فشاری لە وشە کردبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئازادییەکی رەهای بە وشەکان داوە تا بە خواستی خۆیان باڵەفڕکێی خۆیان بکەن لە واڵایی شیعرەکانیدا. ئەم شاعیرەمان لە پێناو نوسینی شیعرێکیدا ئاواز ناپچرێنێت و بازی بەسەردا نادات.
ڕەزا حەمە، ئەگەرچی بڵاوکردنەوەی شیعری کەمە، بەڵام کاتێک دەنوسێت، ڕاستگۆیانە و جوانکارانە دەنوسێت، کاتێک دەنوسێت سەرنجەکان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.
ئـێمە گیانێکیـن لـــە دوو جـــەستەدا
وەک شـیعر و ئاواز لەیەک بەســتەدا
دنیا نـــاتوانێ لێـکـمـــان کــــاتــــەوە
مـــەگــــەرخوا بۆخـۆی بمانباتـــەوە
ئێمە پەروەردەی یـەک خــۆڵ و ئـاوین
بۆ یــەک مەبەســت و بۆیەک پێناوین
لــــە نــــاو یــــەکــتردا تـوواویـنـەوە
ڕێبواری یـــەک ڕێین جیـانـــابیـــنەوە
پـــەیمانمــانداوە تـــا لـــە ژینـــا بین
بۆتــەنها ســــاتێ بێ یــــەکتر نابین
ئـــەگــەر لـــەودنیاش زیندوو بینەوە
هــەر وەکو ئێســتا یــەک ئـەگرینەوە
یــەک بۆیــەکتری خۆراکی گــیــانین
لــــە تــــەنــگــانەدا بۆیەک قوربانین
عشــقی پیرۆزی ئێـمـە وەهــایـــە
ههتــــا خواوندیش لێمان ( ڕهزا ) یه
ئەم شیعرە، نمونەیەکە لەو شیعرانەی ڕەزا حەمە، کە لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا، بووە ویردی سەرزمانی زۆربەی خەڵک، بە تایبەتیش کە ڕەوانشاد ئیبراهیم خەیات کردییە یەکێک لەو گۆرانیانەی، بە دڵنیاییەوە تا چەند سەد ساڵی تریش بە زیندوویی دەمێننەوە.
لە زاری زۆر لێکۆڵەری ئەدەبیم بیستووە، "ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا" کەلێنی دابڕانی نێوان خوێنەر و شیعری لەو سەروەختەی خۆیدا کەمکردەوە. نکوڵی ناکرێت لەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی دابڕانی خوێنەر و شیعر دەگەڕێتەوە بۆ کاڵبوونەوەی چێژ و مانای شیعر.
ئهگهر وتیان ههواری كاروانی ئێوه بۆچی دووره
ئهگهر وتیان داروبهردی وڵاتهكهی لهمهڕ ئێوه بۆچی سووره
ههموو هاواركهن بهجارێك بڵێن، چونكه
لهئاسمانی مهڵبهندهكهی لهمهڕ ئێمه
لهجێی باران خوێن دهبارێت، خوێن دهبارێ
کاروان، دوور، داروبەرد، سوور، ئاسمان، خوێن، باران، هاوار، ئەمانە گەر بە گشتی سەیر بکرێن وشەی سادەن و لەوانەشە ڕۆژانە دەیان جار بەکاربهێنرێن بەڵام بەبێ ئەوەی مانا و قوڵییەک بە هیچ یەکێک لەو وشانە بدەین. ڕەزا حەمە لەو وێنە شیعرییەیدا ژیانێکی تر بە هەر یەکێک لەو وشانە دەبەخشێت، پرسیاری نوێ سەبارەت بەو وشانە لای خوێنەر دروست دەکات و مێژووی کۆن و نوێی نیشتمانێک پێکەوە گرێدەدات و پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان ئەو وشانەدا دروستدەکات تا مانا دروستبکات و بە جیاوازی نێوان زمانی قسەپێکردنی ڕۆژانە و زمانی شیعر ئاشنامان بکات.
چیرۆکی نوسینی شیعری "ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا" چییە؟
چۆن ئەم شیعرەی ڕەزا حەمە، کرا بە گۆرانی؟
ئایا ڕەزا حەمەی شاعیر بڕوای بە شیعری لیریک هەیە؟
بۆچی ئەم شاعیرەمان، زۆر بە کەمی شیعرەکانی بڵاودەکاتەوە؟
ڕەزا حەمە، شاعیر لە بەشی یەکەمی وتوێژەکەماندا لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە: