Accessibility links

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هێزێکی حەشد چوونەتە سەر چەند ڕەبیەیەکی پێشمەرگە و وتوویانە با خوێن بڕژێ


هێزێکی سەربە حەشدی شەعبی، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسنوری قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە، چوونەتە سەر چەند خاڵێکی سەربازی پێشمەرگە و هەوڵیانداوە بەزۆر خاڵە سەربازیەکانیان پێ چۆڵ بکەن، دواتر پێشمەرگەش هێزی زیاتری ڕەوانەی سنورەکە کردووە و کێشەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، موقەدەم سیروان حەمەئەمین فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوری خانەقین، ڕووداوەکەی گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەکرد هێزێکی حەشد لەسنوری خانەقین بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، چوونەتە سەر چەند خاڵێکی سەربازی پێشمەرگە و داوای چۆڵکردنی رەبیەکانیان لێکردوون، بەڵام پێشمەرگە چۆڵکردنی رەبیەکانی ڕەتکردووەتەوە، وتی" ئەو پێشمەرگانەی لە نێو ڕەبیەکاندا بوون، بە هێزەکانی حەشدیان وتووە: ئێمە عەسکەرین، تا فەرمانمان لەسەرووی خۆمانەوە بۆ نەیەت، هیچ جێگەیەک چۆڵ ناکەین، موناقەشە لەنێوانیاندا ڕوویداوە، حەشدەکان وتوویانە: با خوێن بڕژێ، پێشمەرگەکان پێیانوون: کەس سود لە خوێن ڕشتن نابینێت."

وتیشی"ئەوان بەوشێوە هاتبوون، ڕەبیەکان بە پێشمەرگە چۆڵ بکەن، دواتر کە زانیبوویان پێشمەرگە بۆیان چۆڵ ناکات، گەڕابوونەوە و وتبوویان: لەگەڵ مەرجەعی خۆمان قسەدەکەین، ئێمە لەجێگەکانی خۆمانین و ئەوان ڕۆیشتن."

ئەو خاڵە سەربازیانەی هێزەکانی حەشد هەوڵی وەرگرتنەوەیان لە پێشمەرگە دابوو، جادەیەکە لە سنوری باوەمەحمودی باکوری ڕۆژاوای خانەقینەوە درێژ دەبێتەوە تا دەکەی سەرچەم، بەبڕوای موقەدەم سیروان هێزەکانی حەشد پلانی تریان هەبووە، وەکئەو دەڵێت"دەیانویست سەرەتا ئەو ناوچە بگرن، تا دەستیان بگاتە شاخی مرواری، چونکە ئەو شاخە بەسەر هەموو ناوچەکەدا باڵادەستە."

فەرماندەکەی پێشمەرگە، ڕوونیکردەوە ڕەبیەکانی حەشد نزیکن لە ڕەبیەکانیانەوە، بەڵام ئەو هێزەی هاتبوون تا ڕەبیەکان بە پێشمەرگە چۆڵ بکەن، هیچ هەماهەنگیەکیان لەگەڵ حەشدی ناوچەکەدا نەبووە، وتی"کێشەکە ئەوەیە، ئەوان لەنێو خۆیاندا هەماهەنگ نین، ئینجا ئەو گوندانەی بەدەست ئێمەوەن، تائێستا یەک کەسیان تێدا نەکوژراوە، خەڵک لەو گوندانە دەکوژرێ کە حەشدیان تێدایە."

سەبارەت بەو هێزەی چوونەتە سەر ڕەبیەکانی پێشمەرگە و باکیان لەخوێن ڕشتن نەبووە، موقەدەم سیروان وتی"ئەو هێزەی حەشد لەکەربەلاو نەجەفەوە هاتبوون، جێگەیان نادیارە، ئەوان حەشدن، کەچی حساب بۆ هاوڕێکانی خۆشیان کە حەشدن ناکەن."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، موقەدەم سیروان حەمەئەمین فەرماندەی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد هەڵوێستی سوپای عێراق خراپ نەبووە، نیگەرانیان دەربڕیووە لە کێشە دروست کردن لەلایەن ئەو هێزەی حەشدەوە، وتی"فەرماندەی سوپا سەردانی کردین، وتی سەرووی خۆمان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، حەشد حساب بۆ ئەوانیش ناکات."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە سێ بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبیەوە لە خانەقین کرد، بەڵام بەبیانوی ئەوەی هێزەکە سەربەئەوان نەبووە، ئامادەنەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:03 0:00


XS
SM
MD
LG