سەرەک وەزیری عێراق کە پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی بووە، یەکەم سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات لە نێوەندی قوڵ بوونەوە و ئاڵۆزبوونی قەیران و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا.
وێستگەکانی ئەم سەردانە فراوان بوون، لەو چەند ڕۆژەی سەردانەکەیدا موستەفا ئەلکازمی، شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجەشی بەسەرکردەوە و کۆبوونەوەکانیشی هەر تەنها لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا سنوردار نەکرد، بەڵکو دەچووە ناو ئاپۆڕەی خەڵکیشەوە و ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵدا دەکردن و گوێی دەگرت لە ڕاز و داواکانیشیان.
ئەڵبەت لە هەرێمدا لێکدانەوەیەکی زۆر کران لەسەر ئەو سەردانە؛ بەشێک بە هەوڵێکی کازمی ناودێریان دەکرد بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، هەندێکی تریش وەها لێیان دەڕوانی کە کەسێکی ڕژدە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. کەمیش نەبوون ئەوانەی جەختیان دەکردەوە لەوەی سەردانێکی ئاساییە و بۆی هەیە وەک سەرەک وەزیری عێراق، چۆن سەردانی پارێزگاکانی باشوری عێراق دەکات، ئاوەهاش سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر ئەنوەر ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆی سلێمانی
بەڵام ئەم جیاوازیە زۆرانەی لێکدانەوەکان نەیانتوانی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە دابپۆشن کە بڕوایان وەهایە؛ لەو سەردانەیدا کازمی چووبێتە هەر شوێنێک بە پەیام لێکدراوەتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
کازمی سەردانی مەرزەکان و دەروازە سنورییەکانی کرد، سەردانی ئەو ناوچانەی کرد کە تورکیا بۆردومانیان دەکات.
دەشێت ئەو لێکدانەوەیەش ڕاست و دروست بێت کە ئەم سەرەک وەزیرەی عێراق، جیاواز لەوانەی پێش خۆی دەخوازێت لەگەڵ ئاڕاستەکانی شەقامدا سەر و سەودا بکات.
هەرچۆنێک بێت دیمەنەکانی ئەو سەردانەی کازمی بۆ ئۆردوگای ئاوارەکان و گردبوونەوەی ئاپۆڕای خەڵک لە دەوری و گوێگرتن لە داواکانی خەڵک، ئەمیشیان بۆ خۆی پەیامێکە و ناکرێت باس نەکرێت.
هەرێمی کوردستانی عێراق لە قەیراندایە، خەڵک بێزارە، شەقامی کوردی ناڕازییە، ئاستی بێهیوایی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم هەروادێ و زیاتر دەبێت، شتەکان لەبەردەم خەڵکدا ڕۆشن نین، ململانێ و ڕکابەرییەکان لە سنوری حزبایەتی تەسکدا خۆیان قایم دەکەن، نەک بەرژەوەندی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی، دامەزراوەکان هێندەی ئەوەی کار بۆ بە حزبی کردنیان دەکرێت، نیو هێندە هەنگاو نانرێن بۆ بە نیشتمانی کردنیان.
یەکێک لەو داوایانەی خرانە بەردەم سەرەک وەزیری عێراق، داوای دەستەبژێرێکی زیندانییە سیاسییەکانی کورد بوون، تا زیندانی و دەستگیرکراوە سیاسییەکانی کورد کە لەسەروەختی ڕژێمی دیکتاتۆریدا زیندانیکراون یان گیراون، بخرێنە سەر دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەکانی عێراق.
ئەم داوایەی زیندانیانی سیاسی لە کاتێکدایە، بەشێکی بەرچاوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەخوازن موچەکانیان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دابین بکرێت.
ئایا سەردانی سەرەک وەزیری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەیاندنی ژمارەیەک پەیام بووە بە گوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەدا؟
ئایا خواست لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا؟
ئایا زیندانیانی سیاسی لە هەرێم هیچ وەڵامێکی یاداشتەکەیان لە حکومەتی نێوەندی عێراق وەرگرتۆتەوە؟
ئایا متمانە چییە موستەفا ئەلکازمی وەڵامی داواکانی خەڵک بداتەوە؟
دکتۆر ئەنوەر ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: