Accessibility links

سەرۆکی عێراق: گۆڕانکاری بەڕێوەیە بەڵام کاتیدەوێت


لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح باسی لە خواستی گەلەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و چاکسازی فراوان کرد و گوتی گۆڕانکاری بەڕێوەیە بەڵام دەرکەوتنی ئەنجامەکانی کاتیپێدەوێت.

سەرۆکی عێراق کاتێک باسی خۆپیشاندەرانی کرد گوتیشی " ئەوان حوکمڕانییەکی باشیان دەوێت، دەیانەوێت حکومەتی نوێ بەرپرسیارێتی زۆر لە ئەستۆ بگرێت. هەرچەندە ئێمە پێویستمان بە چاکسازی بنەڕەتی هەیە بوارەکانی سیاسەت، ئابوری و بەڕێوەبەریدا."

لە وتارە تۆمارکراوەکەیدا سەرۆکی عێراق ئاماژەی بە گرفتەکانی وڵاتەکەی کرد هاوکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گوتی "ئەوەی ئێستا ئه‌نجامی ئه‌ده‌ین، دووپاتكردنەوەی گرنگیی هاوکاری نێوان سەرجەم دەوڵەتانی پێشكەوتووە لە ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون و شارەزایی و زانیاری لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەدا،
بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە وڵاتانی پێشكەوتوو یارمەتی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بدەن، تاوەکو ژینگەیەكی تەندروستی ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنن بەرەنگاری پەتاكە ببنەوە و خۆیشیان لەو لێكەوتانە بپارێزێن كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تووشی دەردەسەری كردووە". هەروەها گوتیشی "پلانی پێشوەختە گرنگییەكی به‌رچاوی هەیە لە دەستەبەركردنی دادپەروەری لە دابەشكردنی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسەکه‌ له‌ كاتی بەردەست بوونیدا، پێویستە ئەو کاتەی ڤاکسینەکە دەکەوێتە بازاڕەوە، شێوازی بارزگانی پێوەکردنی لەبەرچاو بگیرێت، بەشێوەیەك یارمەتیدەری وڵاتە هەرە هەژارەکان بێت لەوەی بتوانن بە ئاسانی بۆ هاووڵاتییانی فەراهەم بكەن."

ئەو ئاماژەی بە سەرکەوتنی وڵاتەکەی کرد لە جەنگی دژی تیرۆر بەڵام گوتیشی شەڕ دژی تیرۆر بەردەوامە "ناكرێت مەترسی تیرۆر و دووبارە گەڕانەوە و خۆڕێكخستنەوەی ئەندامەكانی بەهێند وەرنەگرین، لەوبڕوایەداین هەر خەمساردی و بێباكییەک، یان سەرقاڵیمان بە ململانێكانی ناوچەكەوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو هێزە تاریک پەرستانە دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەوەی دووبارە بگەرێنەوە."

XS
SM
MD
LG