نکوڵی ناکرێت لە گەشەکردنی ڕۆمانی کوردی و زیاتر بوونی خوێنەرانی ئەم ژانرە ئەدەبیەمان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەگەڵ ئەم گەشەکردنەدا هێشتا ڕەخنە نەیتوانیوە یان کەم توانیویەتی خوێندنەوە بۆ ڕۆمانەکان بکات.
لەم چەند ساڵانەی ڕابردوودا، ژمارەیەک کتێب بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە ڕۆمانی کوردی لەسەر میتۆدەکانی خوێندنەوە و شیکردنەوە و ڕاڤەکردن و لێکدانەوە بۆ کۆی ڕەگەزەکانی ڕۆمان، کە دەکرێت هەر یەکێک لەو هەوڵانە ببنە سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییانە لە دەقی ڕۆمانەکانی بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت هەر یەکەیان بەرهەمهێنانێکی نوێی ڕەخنەییە لەسەر ڕۆمانێک یان ڕۆمانێکی تر.
گرنگی ئەم جۆرە خوێندنەوە ڕەخنەییانە لەوەدایە کە ئاڕاستەکانی دەسنیشانکردنی پێگەی ڕۆمانی کوردیمان نیشان دەدەن، ئەمە بێ لەوەی بەرچاو ڕوونییەکیش دەداتە خوێنەرانی ڕۆمان تا بزانن ئاستی ڕۆمانی کوردی لە کوێدایە.
چەند مانگێک لەمەوبەر ڕۆمانی "ژنەکان وڵاتیان نییە" م خوێندەوە، سەرنجی زۆر ڕاکێشام بە تایبەتی کاتێک لاپەڕەکانی بێ وڵاتیی پێ هەڵدەدامەوە، هەستم دەکرد لە دوڕیانی نیشتمان و بێ نیشتمانیدا جێهێڵراوم.
شوێن، لەو ڕۆمانەی ئەژین عەبدولخالقدا، نەک هەر تەنها یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ناساندنی کاراکتەرەکان، بەڵکو دەروازەیەکیشە بۆ تێگەیشتن و دیالۆگ کردن لەگەڵ خودی کاراکتەرەکاندا.
خەجێ، کاراکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە لە کوردستانەوە سەفەرەکەی دەستپێدەکات و لە ئێرانەوە دەڕوات بەرەو نەرویژ، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ناحەوێتەوە و بارە سایکۆلۆژییەکەی ئارام نابێتەوە و ناتوانێت وابەستەی یاسا و ڕێسا و کلتورەکانی هیچ یەکێک لەو شوێنانە بێت کە لە ڕۆمانەکەدا باسکراون. دەشێت ئەم جۆرە چنینە دراماییەی ڕۆمانەکەش وەک بەشێک لە وردەکارییەکانی ئەژین ببینرێن لە ڕۆمانەکەدا، کە ئاماژەیەک بن بە خوێندنەوە و تێگەیشتنەکانی خودی خۆی بۆ هەر یەکێک لەو شوێنانە و لە زمانی کاراکتەرەکانیەوە بیگەیەنێتە ئێمەی خوێنەر.
"ژنەکان وڵاتیان نییە" یەکەمین ڕۆمانی ئەژین عەبدولخالق بوو کە بیخوێنمەوە، دیارە پێشتریش ڕۆمانێکی تریشی بڵاوکردۆتەوە (نامەکانی فێرناندۆ) وەلێ مەخابن نەمخوێندۆتەوە.
ئایا هەر ژنەکان وڵاتیان نییە؟ لێرەدا ئەژین دەخوازێت پێمان بڵێت ئەگەر ئێوەی پیاو یەک جار وڵاتتان نییە ئەوا ژن دوو جار بێ وڵاتە، لەو سۆنگەیەوەی ئەگەر بوونی وڵات جارێک پیاو ڕزگار دەکات، بەڵام بۆ ژن دوو جارە چونکە ژن دەتوانێت لە وڵاتدا ببێتە هاوڵاتی پلە یەک ببێتە خاوەنی هەموو تایبەتمەندێتییەکانی هاوڵاتی بوون.
خەجە، خۆی ڕادەپسکێنێت بە شێوەیەک کە بڵێت بڕیاری شۆڕشیک دەدات، لە جوگرافیایەکی دیاریکراو بە هەموو نەریت و بارە باوەکانیەوە و هەوار دەگوێزێتەوە بۆ جوگرافیایەکی تر، ئەو جوگرافیایەی پێشتر وەهای دادەنا دەبێتە مەڵبەندێک بۆ هەموو خواست و خەونێکی وەک مرۆڤ.
بۆ خۆم کاتێک لە کاراکتەری خەجە خەیاڵاوی ورد دەبوومەوە، زۆر جار دەگەیشتمە ئەوەی بڵێم ئەژین ئەم کاراکتەرەی وەک کاراکتەری ژنێکی ڕۆژهەڵات خوڵقاندووە، نەک هەر تەنها ئەوەی نوێنەرایەتی ژنی کورد بکات و بەس.
ئەژین، بەهەشتەکان لە ڕۆژئاوادا نابینێت، وەک چۆن بەرەنگاری هەموو کلتور و کارە ناشرینەکان دەبێتەوە لە کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتدا، ئاوەهاش زیرەکانە باس لە خەوشەکانی جیهانی ڕۆژئاواش دەکات و دەیان کێشەی ورد و درشتی جیهانی خۆرئاوامان دەخاتە بەردەم، لە ڕێی خەجێی خەیاڵاوییەوە کە بە کۆمەڵێک کێشەوە لەدایک بووە و کە هەواریش دەگوێزێتەوە دەشێت بەشێک لە گرفتەکانی پێشتری بڕەوێنەوە، وەلێ هەرگیز ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە لابدات کە کێشەی قوڵتر و ئاڵۆزتر دێنە بەردەمی وەک ژنێک، کە قەدەری ژن بوون بۆی هەڵبژاردووە کورد بێت.
کە "ژنەکان وڵاتیان نییە"م خوێندەوە، خەجەم خۆشویست بە هەموو ناکۆکییەکانی نێوانیشمانەوە، خۆشم ویست چونکە خەجێ خەیاڵاوی، بڕیاریدا خۆی بێت و کەسی تر نەبێت، چونکە هەوڵیدا کۆتوبەندەکان تێکبشکێنێت، سەما لەگەڵ ڕۆحدا بکات، ئازادییەکانی خۆی لە هەموو شتێکی تری دنیای چواردەوریدا گرنگتر و تۆکمەتر و بەهێزتر ببینێت.
پێمواییە ڕۆمان لە تەواوی ژانرەکانی تری فەرهەنگیمان زیاتر دەتوانێت دەربڕ بێت بۆ وێناکردن و خوێندنەوەکانی ناخی مرۆڤ و گەیاندنی ئەو پەیامانەی نوسەر دەخوازێت بە ڕاشکاوی بیانگەیەنێتە خوێنەر.
ئایا هەست کردن بە نەبوونی وڵات دەشێت وەک بۆشاییەک لێی بڕوانرێت و بە نوسین پڕ بکرێتەوە؟
ئایا کاراکتەری خەجێ خەیالاوی لە ڕۆمانی "أنەکان وڵاتیان نییە" ڕەنگدانەوەی نوسەری ڕۆمانەکەیە؟
ئایا هۆکارەکانی کەمبوونەوەی خوێنەر بۆ چ شتێک دەگەڕێنەوە؟
ئایا ڕاستگۆیی لە گێڕانەوەدا لە ڕۆمانەکاندا چەندێک گرنگە؟
ئەژین عەبدولخالق، ڕۆماننوس، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لەفەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: