Accessibility links

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق: عێراق لەبەردەم مەترسی داڕووخانێکی گەورەی ئابووریدایە


بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئاماژەبەوەدەکات گرفتی گەورەی ئابووری عێراق نەبوونی پلانی ستراتیژیە، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت وڵات بە باشی بەڕێوەببرێت، دەڵێت" پیموانەبوو عێراق نەتوانێت موچە بدات، چونکە ساڵی 2015 و 2016 من لەبەغدا بووم، وەزعەکە وەکو ئێستا بوو، کەچی توانیمان موچە بدەین، ئێستا بۆمن مایەی سەرسوڕمانە، عێراقی دەوڵەمەند بەنەوت و غاز، بۆ ناتوانێت موچە بدات لەکاتی خۆیدا؟"

لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، پێشبینی دۆخێکی خراپتر لە عێراق لەڕووی ئابووریەوە دەکات، گەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا دابخرێت، پێیوایە عێراق توشی داڕووخانی ئابووری دەبێت و دواتریش لەڕووی سیاسیشەوە دادەڕمێ، ئەوکات مەترسی لەسەر یەکگرتویی وڵاتیش دروست دەبێت.

ناوبراو دەڵێت"دەبێت سیاسیەکانی عێراق بیر لەبەرژەوەندی وڵات بکەنەوە، واز لە دەرکردنی ئەمەریکا و لێدان لە باڵیۆزخانەکان بهێنن، ئەگینا وەزعەکە زۆر لەوە خراپتر دەبێت کە خەڵک تەسەوری دەکات."

فازڵ نەبی، ڕوونیکردەوە ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەڕووی ئابووریەوە زۆر دەعمی عێراق دەکات، وتی"من 10 ساڵ بریکاری وەزیری دارایی بووم، ئەزانم ئەمەریکا چی بۆ کردووین، لەتەنگژەی ئابووری ڕزگاری کرددووین، دەعمی ئەمەریکا لە مەسەلەی پێدانی قەرزە، لەمەسەلەی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، هێنانی کۆمێانیایە بۆ کارکردن لەعێراق، درێژکردنەوەی مامەڵەی عێراقە لەگەڵ ئێران لەمەسەلەی غاز و کارەبا، ئەوانە دەعمی گەورەن، گەر ئەمەریکا بکشێتەوە، دەعمی دامەزراوە گەورەکانی دونیا بۆ عێراق نامێنێ، عێراق سزا دەدرێ و ئەمەریکا دەکەوێتە دوژمنایەتی عێراق."

سەبارەت بە کاریگەری خراپ بوونی پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا لەسەر هەرێمی کوردستان، فازڵ نەبی وتی" هەرێم بەشێکە لە عێراق، ڕاستە هەرێم لە گرنگی هاوپەیمانان تێگەیشتووە و دۆستایەتیان دەکات، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ، لەو کێشانەی دووچاری عێراق دەبن، پریشکمان بەر دەکەوێ، چونکە بەشێکین لەعێراق، مانگانە 320 ملیار دینارمان لەعێراقەوە بۆ دێ."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، جەختیکردەوە داڕووخانی عێراق لەڕووی ئابووریەوە، کاریگەری خراپی لەسەر هەرێم دەبێت، چونکە لەمەسەلەی دەرهێنانی نەوت و ناردنی بودجە، مامەڵە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، گەر عێراق داڕووخا، ناتوانێت دەعمی هەرێم بکات، ئەوکات هەرێمیش توشی هەمان کێشەی عێراق دەبێت.

هۆشداریدان لە خراپی دۆخی ئابووری عێراق، لەکاتێکدایە عێراق مانگانە پێویستی بە 6 ملیار دۆلارە بۆ خەرجی دام و دەزگاکانی، بەڵام داهاتی مانگانەی لە ئێستا بۆ سەرووي 3 ملیار دابەزیووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:57 0:00


XS
SM
MD
LG