لەسەر شیعر یەکێک لە پرسە هەرە گرنگەکان و سەرەکییەکانیش تایبەتە بەو گریمانانەی ئایا شیعر دەگاتە جێ و ڕێ و پێگەی خۆی؟ ئەگەر گەیشت چی ڕوودەدات.
شاعیر هەمیشە لە هەڵبەز و دابەزێکی دەرونیدایە، ڕۆحی شاعیر بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە، بینایی شاعیر ناسرەوێت، بیرکردنەوەکانی شاعیر تا ئاستی ئەوپەڕی دنیا، دەشێت جیاواز ببینێت، لەو سۆنگەیەوەی شیعر وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە جەختی لێدەکەنەوە بریتییە لە "کارکردن لەسەر ڕۆشنبیری."
شیعر پانتاییەکانی زمان بەکاردەهێنێت و بەو زمانە دەتوانێت هەموو دەربڕینەکانی خۆی نومایشت بکات لە بەردەمماندا و وێنە شیعرییەکان پڕ بکات لە ئاواز و تانوپۆیەکی جوانکارانە ببەخشێت بە دیدی خوێنەر، بێگومان ئا لێرەوە دەتوانرێت شاعیربوون و شاعیر نەبوون لێک جیا بکرێنەوە.
عەشق / لەنێو سێبەری مردن و
لەنێو بازنە شینەکانی شێتبوون دا
ترسناکترین وشەی دۆزەخی و
بێهوودەترین ڕەنگی لێوەکانی خۆرنشینە
کە / جۆگەلەی ئاگر بەژێر پیتەکانیدا دەڕوات
دارمێوێکە چوار وەرزی ساڵ
هێشوە ترێی تەنیایی دەگڕێ
لە نیوان بۆشایی پیتەکاندا
زیندانێکی گەورە هەیە
لە ناوەڕاستی یەکێک لە ژوورەکانیش
پەتێکی ئەستوور هەڵواسراوە
ناڵە حەسەن، نوسەر و شاعیر دەڵێت "شاعیربوون جێگاکەی لە هەورازێکە، هەموو شیعر نوسێک ناتوانێت بیگاتێ."
هەرچۆنێک بێت یەکێک لە مەرجەکانی مانەوەی شیعر بە زیندوویی، وەک ئاماژەی پێدەکرێت ئەو تێکستانەن هەمیشە بە شوێن نوێبوونەوەدا دەگەڕێن و لەگەڵ هەر نوێبوونەوەیەکیشدا پرسیاری گەورە دروست دەکات و دەیخاتە بەردەم مرۆڤایەتییەوە؛ پرسیارگەلێک کە هەر لە گەڕاندایە و لە پاش هەر دۆزینەوەیەکیش دەبێت گەڕانێکی نوێ بۆ دۆزینەوەیەکی نوێتر دەستپێبکاتەوە.
لەم زەمەنە زەندەقچووە زریاناوییە
ژیان چیڕۆکی مردنی خۆی
بە بێدەنگی
بە قەڵەمێکی سپی
لەژێر سێبەری دارسنەوبەرێک
دەنووسێتەوەو ئاوا دەبێ
ژنەکان نائومێدانە
بەڕێنووسە خۆڵەمێشییەکانی خەفەت
خەونە سەربڕاوەکانی خۆیان
لەنێو دڵۆپە بارانەکان
دەنووسنەوەو ئاوادەبن
هەور هەگبەی هیواکانی خۆی
بە پەلکەزێڕینە
دەسپێرێ و ئاوادەبێ
دەمێکە خوێنەری شیعر و نوسینەکانی ناڵە حەسەنم، هەمیشەش ئەو هەستەم لەلا دروست بووە کە ناڵەی شاعیر خۆی دەنوسێتەوە و نازانم وەک مرۆڤێک بڕوای بە "منی باڵا" هەیە یان ئەم چەمکە هەر تەنها وەک شاعیربوون سەروسەودای لەگەڵدا دەکات.
من گوڵێکم هەیە
تا بۆنی کەم
بۆن خۆشتر و
تا سەیری کەم
گەشتر و جوانتر دەردەکەوێ
وەک ئەوە وایە
ئەم گوڵە دیارییەکی خوداوەند بێ
لە باخچەکانی ئاسمانەوە بۆم هاتبێ.
جوانبینی هەمیشە لای ناڵە حەسەن ئامادەیی هەیە، یارییەکی ناوازە لەگەڵ زماندا دەکات و وریایانە سنورەکانی زمان تێدەپەڕێنێت و ئیدی شاعیرانە، ڕۆیشتن و گەڕانەوە، تاریکی و ڕوناکی، ژیان و مەرگ و خۆشی و ناخۆشی بە شێوازێکی ناڵەییانە دەنوسێتەوە و ئەم شێوازەش هەروا لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو لە پاشخانێکی فراوانی خوێندنەوەی ئەدەبی پێش خۆی و دوای خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەڵبەت ئەو خوێندنەوانەش هەر تەنها لە سنوری خۆیدا ناهێڵێتەوە و دەچێتە کلتور و فەرهەنگەکانی تریشەوە.
*زۆر شاعیر هاوڕان کە شیعر پێناسە ناکرێت، بۆچی شیعر پێناسە ناکرێت؟
*چەمکی شیعر و فەلسەفە لە چیدا تەریبن بە یەکتر و لە چیشدا جیاوازن؟
*چ شتێکە شیعری پۆست مۆدێرنە لە قۆناغی پێش خۆی جیادەکاتەوە؟
ئایا لە مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەدا، شیعر توانیویەتی خۆی لە ئایدیۆلۆژیا دابماڵێت؟
ناڵە حەسەن، نوسەر و شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: