شەوی چوارشەممەلە تەنیا دیبەیتی کاندیدەکانی پۆستی جێگری سەرۆکایرتی ئەمەریکادا کە لە شاری ساڵت لەیکی ویلایەتی یوتا بەڕێوەچوو، سیناتۆری کالیفۆرنیا کمڵا هێرس کاندیدی دیموکراتەکان ومایک پێنسی کاندیدی کۆمارییەکان ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە. هەرچەندە دیبەیتەکە جیاوازبوو لە سازدان وبەرێوەبردنی لەگەڵ دیبەیتەکەی پۆستی سەرۆکایەتیدا، بەڵام زۆر لە پرسیارەکانی کە لەلایەن سوزن پەیجی ڕۆژنامەوان و بەرپـرسی ئۆفیسی واشنتنی ڕۆژنامەی USA Today وە ئاراستەیان دەکرا، پشتگوێ دەخران بەتایبەتی لە لایەن مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمەریکاوە.
لەو دیمانە گفتوگۆئامێزەدا چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار کران بە پرسیارو ئاراستەی هەردوو کاندید بۆ جێگری سەرۆکایەتی ئەمەریکا کران، تەوری یەکەم پرسیار بوو لەبارەی بارودۆخی پەتای کۆرۆنا و هاوکات بابەتی ئابوری و باج و پرسی رەگەزپەرستی و داهتووی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتی چین و سیاسەتەکانی دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو پرسە هەنوکەییەکانی ئەم وڵاتە.
بۆ سەنگخستنە سەر ئەو دیبەیتەو روونکردنەوەی زیاتر لەسەر تەوەر و بایەخەکانی؛ بەرنامەی هەلەو واشنتنی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتوێژێکی تایبەتی سازکردووە لەگەڵ ئیسماعیل ئیبراهیم شارەزا لەبەشی زانستە سیاسییەکان و نوێنەری حیزبی دیموکراتی ئێران بنکە لە کەنەدا.
ئیسماعیل ئیبراهیمی دەڵێت "هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا یەکێکە لە پایە جوانەکانی دیموکراسی، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا تۆزێک جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی زوربەی شوێنەکانی دیکەی جیهان بۆیە سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیدا رادەکێشێت."
هاوکات دەشڵێت "هەرچەند دیبەیتی کاندیدی جێگری سەرۆکایەتی ئەمەریکا گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت، زیاتر چاو لەسەر کاندیدەکانی سەرۆکایەتین کە دژبەری یەکترن." بەڵام دەشڵێت "دیبەیتەکەی ئەم چوارشەممەیەی کاندیدەکانی جێگری سەرۆکایەتی گرنگتر بوو لە چاو دیبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا."
ئیسماعیل ئیبراهیمی لەو بارەیەوە وەڵامی چەندین پرسیارو سەرنجەکانی حەیدەر کەریمی لە دەنگی ئەمەریکا دایەوە. تەواوەی وتووێژەکە لەم فیلە دەنگییەدا ببیستە.