Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: فەرید زامدار


زۆرێک لە ڕەخنەگران و ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر شیعری نوێی کوردی کردووە، ئەو گەواهییە دەدەن لەو ماوەی نزیکەی 50 ساڵ تەمەنەی نوسینی "فەرید زامدار"دا هەمیشە هەوڵی نوێبوونەوە و داهێنانی داوە و بەردەوامیش خواستویەتی خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆی بێت لە سۆنگەی ڕوانین و بیرکردنەوە و جیهانبینیشدا.

تاکو ئێستا

نازانم تەمەنم چەندە

چەند ساڵ و چەند مانگ و رۆژە

تەمەنم هەر لە بێشکەوە

بەبێ ناوو

بێ ژمار بوو

هیچ مۆمێک بۆ

ڕاپەڕینی تەمەنی من دانەگیرسا

چونکە دەترسان نەوەکو

ئەهریمەنی چاخی تاوان بێتە خەونم

ناوم بدزێ پێش ناولێنان

تا بە سێدارەی تەمەنی کەم و کورتم

هەڵنەواسرێم

تا ناسنامەی هاتنە دنیام

نەبێ بە کۆتایی پەیام

چونکە پاشای سەرەتای شار

دەیویست بۆ تەمەنی ساوام

جوانترین جاریەی بدا لەدار

بیرمە جاران

وەکو منداڵێکی لاسار

هەرچی سوڵتان با دەمگرت و

دەم ناردەوە کۆتایی شار.....

یەکێک لە جیاوازییەکانی سیمای شیعری فەرید زامدار، نوسین بە زمانێکی جودا بووە لە هاوتەمەنەکانی خۆی و هەروەهاش داهێنانی بە نوێبوونەوە و نوێخوازییەوە نەدەبەستەوە و بڕوایەکی تۆکمەی هەبوو بەوەی "داهێنان نوێخوازی نییە، لە کاتێکدا نوێگەرایی بە داهێنان دادەنا."

حەزم لە وشەیەک دەکرد

نەنووسرابا..

حەزم لە شیعرێکیش دەکرد

هەزاران جار

بەر نووکی خەنجەر کەوتبا

بەڵام هەرگیز

نەکوژرابا...!

-٢-

من نانووسم... تا ئەوکاتەی

هەست بە زەبری نووسین دەکەم

من نانووسم.. تا دەمانێک

چەقۆی نووسین

لە دڵ و دەروونم رادەچێ....!

چوونکە لەگەڵ،

ژانەکانی بڕین نووسی

لەگەڵ ناڵەی وشەی هەتیو

لەگەڵ بیری

سەرخۆشانەی شادی نەدیوو

بە ئازادی

شیرینی ئەم دیو ئەو دیو

فێربووم بژیم....!

-٣-

چەندین ساڵە، هەست بە زەبری

نووسین دەکەم

چەقۆی نووسین ناخم دەبرێ

بەڵام هێشتا

هێشتا هیچم نەنووسیوە

هێشتا هیچم لە وشەی پیرۆز

نە بەخشیوە

هەتا ئێستا، چاوی شیعرم

ڕامانی خۆی نەپێکیوە

هێشتا لە ناونیشانی خۆم

لە دووا ناونیشانی شیعرم،

نەپرسیوە...!


زۆر جار لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتاکانی ساڵانی نەوەتەکاندا، فەرید زامدار جەختی دەکردەوە لەوەی، ئەو کاتانەی دەنوسێت بیرناکاتەوە، بەڵکو ئەو کاتانەی نانوسێت بیردەکاتەوە، هەمیشەش وەک خوێنەرێکی ڕژد سەروسەودای لەگەڵ ڕۆشنبیری و تێکستەکاندا کردووە و وەک خۆی دەڵێت "قەڵەم نیشتمانمە"

" ئارمیدە"

دەرژاو....
دەکرایەوە....
دەهات
دەتوایەوە
پێدەبوو
دەکوژایەوە
دادەنیشت و
دەکشایەوە
رادەماو، رادەوەستا
ناوی خۆی لە نێو چاویا دەشاردەوە
دەسوتاو
دادەمرکایەوە
لەگەڵ خۆیدا دەنووست و هەڵدەستا
بەتەنیا بۆ بنچکێک، دادەمایەوە
بە بووژانەوە، ڵێڵ دەبوو
بە کوژانەوە، پێدەبوو !......

لەگەڵ هەموو ئەو ئەزموونە گەورەیەیدا، فەرید زامدار، هەرگیز خۆی لە سەرو کەسی ترەوە نەدەبینی، خەمی گەورەی ئەو؛ نوێبوونەوەیەکی تر و بیرکردنەوەیەکی نوێ و دنیابینییەکی تر بووە لە شیعردا.

فەرید زامدار، هونەرمەندێکی شێوەکاریش بووە و بەشداری لە چەندان پێشانگاشدا هەبووە.

بەشی دووهەمی وتووێژمان لەگەڵ ناڵە حەسەن، نوسەر و شاعیر، تەرخان دەکەین بۆ قسەکردن لەسەر ئەزموونی شیعری ڕەوانشاد فەرید زامدار.

ناڵە حەسەن، لەم ماوەیەی ڕابردوودا لەسەر ئەزموونی ئەم شاعیرەمان کتێبێکی نوسیوە بە ناونیشانی "گەیشتن بە ڕووبەری شیعر"

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:21 0:00


XS
SM
MD
LG