عاسی قەواڵی، ئەو چەکدارە کوردە بەتەمەنەی خەڵکی خورماتووە، کە هێزە شیعیەکان وەکو سەرکردەی ئەو چەکدارە کوردە خۆبەخشانە لێیدەڕوانن کە هەمیشە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، نەیارێتی هێزە شیعیەکان بۆ ئەو پیاوە کوردە بەتەمەنە، گەیشتۆتە ئاستپێک کە تۆمەتی داعشبوونیشیان ئاراستە دەکرد.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عاسی قەواڵی کەسایەتی دیاری نێو چەکدارە کوردە خۆبەخشەکانی خورماتوو، کە ئەم چەکدارانە پێشمەرگە نەبوون و سەر بە هیچ هێزێکی دیاریکراو نەبوون، بەڵام لەکاتی شەڕی داعش و شەڕی نێوان کورد و تورکمانی شیعەدا، هەمیشە وەکو گروپێک چەکداری جیاواز دەردەکەوتن و شەڕیان دەکرد، دەڵێت"حیزبە کوردیەکان لەخورماتوو شەڕیان بۆ دەناینەوە و وازیان دەهێنا، شەڕەکەیان دەکردە توشی خەڵکەوە، کەچی دواتریش وەکو ئاژاوەگێڕ ناویان دەبردین."
سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە بەوەی بەشێکبووە لە کێشەکانی خورماتوو، عاسی قەواڵی وتی"من لەشەڕێکدا ئاڵای شیعەکانم خستەخوارەوە، بۆیە ڕقیان لێمە و هەمیشە تۆمەتبارم دەکەن."
بەوتەی عاسی قەواڵی، هەرچەندە وەکو کەسی یەکەمی چەکدارە کوردە خۆبەخشەکان تەماشاکراوە، بەڵام ئەو تەنها چەکدارێک بووە لەوان، وتی"بۆ پاراستنی دوز و خەڵکەکەی، خۆمان دەخستەبەر فیشەک."
بەم دواییانە تۆمەتی ئەوە درایە پاڵ عاسی قەواڵی، بەوەی پەیوەندی لەگەڵ چەکدارەکانی داعشی ناوچەی غەڕەو پەڵکانەدا هەیە، بەڵام قەواڵی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت" من هیچ پەیوەندیەکم لەگەڵ داعشەکان نەبووە، ئێمە وەکو چەکدارە خۆبەخشەکان لەو شاخە بووین، شیعەکان وایاندەزانی ئێمە داعشین، لەکاتێکدا داعشەکان لەگەڵ خۆیان پەیوەندیان هەبوو."
لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، عاسی قەواڵی کەسایەتی دیاری نێو چەکدارە کوردە خۆبەخشەکانی خورماتوو، ئاماژەی بە شەوی 16 ی ئۆکتۆبەر کرد، کاتێک پێشمەرگە لە خورماتوو کشایەوە، وتی"5 لیوا پێشمەرگە لە خورماتوو بوو، ئەوان هەڵاتن، ئێمە وەکو چەکدارە خۆبەخشەکان تا 4 ی ئێوارە لە دوز ماینەوە، نەمانهێشت حەشد بێنە گەڕەکە کوردنیشینەکان، تا خەڵک دەربازی ببێت، وتی"دواتر شیعەکان ماتۆڕسوارێکی کوردیان نارد بۆ لای ماڵەکەم، کاتێک زانی ئێمە لە خورماتوو نەماوین، ماتۆڕ سوارەکە ڕۆیشتبووە سەر شاخەکە و تەلەفۆنی بۆ کردبوون، ئینجا هاتبوونە نێو گەڕەکە کوردیەکان و ماڵەکانیان سوتاندین."
عاسی قەواڵی لەئێستادا دانیشتوی هەرێمی کوردستانە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ خورماتوو، بەو پێیەی فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی ماڵەکەی لەو قەزایە تەقێنراوەتەوە و سوتێنراوە.