دۆخی ژیانی که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌و بارە ئابووریه‌ی که له ئێستادا له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا هه‌یه به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات و ڕێکخراوەکانی تایبه‌ت به که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت هۆشداری له بارودۆخی ژیانی که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌ده‌ن له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه.
ڕێکخراوی که‌م ئه‌ندامانی هه‌ڵه‌بجه که نوێنه‌رایه‌تی زیاتر له 4 هه‌زار هاووڵاتی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌کات ، ده‌ڵێن دۆخی هاووڵاتیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت خراپه و ئه‌و هاوکاریانه‌ی که حکومه‌ت به‌م توێژه‌ی ده‌دات له‌نێوان 100 بۆ 150 هه‌زار دیناری عێراقیدایه و 60 ڕۆژ جارێک پێیان ده‌درێت ، ده‌شڵێن خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت هه‌ن داوای 5 کیلۆ برنج له ئێمه ده‌که‌ن که له‌تواناماندا نییه پێیان بده‌ین.
مه‌ریوان وه‌هبی لێپسراوی ڕێکخراوی که‌م ئه‌ندامانی هه‌ڵه‌بجه له لێدوانێکدا به ده‌نگی ئه‌مەریکای ڕاگه‌یاند تا دێت ژماره‌ی که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه زیاد ده‌بێت و دۆخی ئابوریشیان به‌ره‌و خراپتر بوون ده‌ڕوات، له ئێستادا 4 هه‌زار هاووڵاتی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له ڕێکخراوه‌که‌یان تۆمار کراون .
سه‌رۆکی ڕیکخراوی که‌م ئه‌ندامانی هه‌ڵه‌بجه ووتیشی ،ڕێکخراوه‌که‌یان به پشتیوانی ڕیکخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان خولی تایبه‌تی بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی تواناکانی مناڵان و هه‌رزه‌کاران ده‌کاته‌وه، بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره ده‌روونیانه‌ی که ده‌که‌وێته سه‌ر شانیان ، که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و هاوڕێکانیان که خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت نین پێکه‌وه خوله‌کان ده‌بینن .
له ڕێگه‌ی ڕێکخراوی هاندیکاپی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه له ئێستادا ، ڕێکخراوی که‌م ئه‌ندامانی هه‌ڵه‌بجه سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یه‌که بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن که تێیدا له ڕێگه‌ی خستنه ڕووی پڕۆژه‌وه 60 که‌س ده‌چنه کێبه‌ڕکێوه و قه‌رزی بچووکیان پێ ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا ببنه خاوه‌ن پڕۆژه .
به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی قه‌ده‌غه‌کراو لە ڕابوردوودا کاریگه‌رییەکی زۆری کردۆتە سەر ژینگه‌ی پارێزگای هەڵەبجە و بۆتە هۆکاری زیادبوونی ژماره‌ی که‌سانی خاوه‌ن پێداوویستی تایبه‌ت لە ناوچەکەدا ، دواتریش بڵاو بوونه‌وه‌ی مین و شه‌ڕ و جه‌نگه جیاوازه‌کان له ناوچه‌که‌دا، له ئێستاشدا نه‌بوونی هوشیاری ته‌ندروستی له ئاستێکی باڵادا به‌تایبه‌تر له کاتی به‌ستنی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریدا و ئه‌نجام نه‌دانی پشکنینی پێویست سه‌ره‌کیترین هۆکاره بۆ زیاد بوونی ژماره‌یان.