ئەگەر مرۆڤ تەنها لە یەک سۆنگەوە بەرپرسیاربێت لە ڕەفتار و هەڵوێستەکانی خودی خۆی، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک ڕوناکبیرانی نیشتمان لە چەندان ڕەهەندەوە بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.
هونەر لەو ڕوانگەیەوەی گرێدراوە بە هزر و بە جوانییەکانیشەوە، بۆیە دەبینرێت هونەری ڕەسەن هەمیشە ئەو پرسە نوێیانە دەخاتە بەردەم مرۆڤایەتی کە تایبەتن بە جیهانێکی نوێتر و جوانترەوە و پرسیارە هاوچەرخەکان دەوروژێنێت.
ئەم ئەرکە پڕ بەها و جوانییەی هونەر، خۆی لە خۆیدا وەها دەکات هونەر بۆ هەتا هەتایە پڕ بێت لە ژیاندۆستی و لێوان لێویش بێت لە جوانی و گیان ببەخشێت بە کۆمەڵگە.
هونەری شانۆ، ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیشی هەیە لە گەیاندنی ئەو پەیامە مرۆییەدا، چونکە شانۆ، بۆتەی دەیان پرسیاری گرنگ و پەیامی فرە ڕەهەندە لە هەموو ئاستەکانی ژیانی تاکە کەس و کۆمەڵگەشدا، لە سەرو هەمووشیانەوە پەیامەکانی ئاشتی و پێکەوە ژیانە.
جا لێرەدا زۆر گرنگە لە بیرمان نەچێت؛ وروژاندنی ئەو پرسیارانە و گەیاندنی ئەو پەیامانەش پێویستیان بە هەنگاوی بوێرانە و گیانبازی هونەریی هەیە.
شانۆ هەمیشە وەک خوێندنگەیەکی سەرەکی لێی دەڕوانرێت بۆ دروستکردنی پرسیارەکان لای بینەران، بۆ ڕەخساندنی زەمینەی هوشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی خەڵک و ناساندنی هزری نوێ، بەو مەرجەی هونەرمەندی شانۆکار هەڵگری خەمی کۆمەڵگەکەی بێت و هەروەهاش ئازادانە ڕەفتار بکات و بیر لە پرسیاری نوێ بکاتەوە.
کاتێک باس لە هونەری شانۆی کوردی دەکەین، بمانەوێت و نەمانەوێت دەکەوینەوە بەردەم دوو قۆناغەوە، یەکێکیان پێش ڕاپەڕینە و ئەوی تریشیان پاش ڕاپەڕینە، ئەڵبەت ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەپێی ڕای زۆرێک لە لێکۆڵەری هونەری، جیاوازییەکی زۆر لەم دوو قۆناغەی شانۆدا هەیە.
یەکێک لە هونەرمەندە بە ئەزموون و بەهرەمەندەکانی هونەری شانۆی کوردی، ئومێد شێخ حسێنە.
ئومێدی هونەرمەند، لە نیشتمان بێت یان لە دەرەوە، هەمیشە بەها بەرزەکانی هونەری بە شانەوەیە و خەمێکی گەورەیەتی.
ئەم هونەرمەندەمان کە دەچێتە سەر شانۆ، بیر لەوە ناکاتەوە ئومێدی شێخ حسێن کێیە، بەڵکو لە کاتی نواندنیشدا، بە شوێن قاڵ بوونەوەیەکی زیاتردا دەگەڕێت لەناو کەسایەتی کاراکتەرەکەدا، بە ئەندازەیەک هەست دەکەیت خودی ئەو کاراکتەرە لەگەڵ من و تۆی بینەردا دەدوێت؛ ئەمەش بێ هیچ گومانێک گەورەترین بەڵگەیە کە ئومێدی هونەرمەند بەردەوام لە عەشقێکی قوڵ و پان و بەریندایە لەگەڵ شانۆدا، جا ئەکتەر بێت یان دەرهێنەر.
بم بهخشه ئهی حهقیقه ت....که جوانیهکانم چوونه لهپی درۆوه
بم بهخشه ئهی زهمهن....که ڕابردووم خسته گیرفانی غهریبیمهوه
چاوهڕوانی چی دهکهیت؟
ئهوشهوانهی تۆچاوهکانت به کوحلی تهنهایی دهڕێژیت
من له مهنفا مومارهسهی نهرجسیهتی خۆم دهکهم
من دهترسم لهو ڕۆژهی که تۆ ههموو تهمهنت لهچاوهڕوانی مندا بهریته سهروو
نهزانیت گهڕانهوهی من چ کارهساتێک دهخاتهوه
من قاسیدی دڵ کوشتن نیم
خۆم بێکهسانه گوزارشت له ترسهکانم دهکهم
ده نا باش دهزانم دابڕان له یهکتری دڵ پژانه
وای له عهشق وه ک مردن کارهساته
وای له تهنهایش وهک گومان ئافاته
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ئومێد ئەزموونی شیعر نوسینیشی هەیە؛ هێندەی ئەوەی ئەو تێکستە شیعریانەی ئومێدی شێخ حسێن دەخوێنمەوە، هیچ کەمتر نایانبینم لە ئیشە جوانە پڕ لە ڕۆحەکانی لە شانۆدا.
ئومێدی شێخ حسێن هەم شاعیرە و هەمیش هونەرمەندێکی باڵا.
بۆچی کاراکتەرە گەورەکانی هونەری کوردی فەرامۆش دەکرێن؟
ئایا دراما تەلەفزیۆنییەکان زیانیان لە هونەری شانۆ داوە؟
بۆچی ئومێدی شێخ حسێن ناخوازێت وەک شاعیرێک بناسرێت؟
ئایا جیاوازی کاری هونەریی بوونی هەیە لای هونەرمەند ئومێدی شێخ حسێن، لە نیشتمان و لە دەروەی نیشتمان؟
ئومێدی شێخ حسێن، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە: