Accessibility links

لە هەولێر کاردانەوە و نیگەرانی لایەنە سیاسیەکان سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراق


بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لای بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران و کاربەدەستان و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دروستکردووە.

ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " داواکانی ئێمە دەستووری و یاسایین، بەگوێرەی موازنە دەبێت مافی هەرێمی کوردستان بدرێت، یەک برگە هەبوو بۆ هەرێمی کوردستان ئەو برگەیەشیان ڕاستکردەوە بە شێوازێک کە موحاسبەی حکومەتی فیدراڵی بکرێت ئەگەر یەک دینار بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆیە هەموو ئەندامانی کوردستانی پێکەوە دەرچوون و پێویستە پێکەوە پاراستنی مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین نەک هەر یەک ئاوازێک لێبدات."

بەپێی ڕاگەیەنراوێک ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنە کوردستانیەکان دەڵێن" رایگشتی ئاگاداردەکەینەوە کە گرێدانی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیەکانی هەرێم و نوێنەرانی کورد بە پێویست نازانین و هێشتا دەرفەت ماوە و حکومەتی هەرێم دەتوانێت وەفد بنێرێتە بەغدا و هەرچی زووە رێکەوتنێکی نوێ و گشتگیر و شەفاف و کۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکەن لەسەر بنەمای دەستور، و خەڵکی کوردستان چاوەرێی هیچ لەمجۆرە کۆبوونەوانە ناکەن و باشترە حکومەتی هەرێم سەرقاڵی دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بێت."

لە لایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت" پشکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی پاداشت نییە".

بەپێی زانیاریەکان ڕۆژی یەکشەممە لە هەولێر کۆبوونەوەیەک بەڕێوە دەچێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتە نوێ و بریارەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان

دکتۆر شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هەموو باس و خواستێک لەسەر ڕادەستکردن و گێڕانەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاست نییە چونکە نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە و ئەمەش دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەریمی کوردستان لێی بەرپرسیارن لەکابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان وە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەوەی راست نەکردووەتەوە تا ئێستا، دەرئەنجام ئەوانەشی کە دەڵێن ئامادەین نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکەینەوە ئەوە راست نییە لەبەر ئەوەی واقعی گرێبەستەکان پێچەوانەی ئەوە دەڵێت."

دوای بریارەکەی پەرلەمانی بەغدا لەمەڕ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران نیگەری خۆیان لەمەڕ ئەو بریارەی پەرلەمانی عێراق دەربڕی و داوای موچەکانیان دەکەن

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" گرنگ لای ئێمە مانگانە موچەی خۆمان لەکاتی خۆیدا بەتەواوەتی وەربگرین و ئەویش کەمترین مافە کە داوای دەکەین و هەڵویستی لایەنە سیاسیەکان بۆ ئێمە گرنگە بەڵام لەکاتێکدا هەر ئەندام پەرلەمانێک بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبێت ئەوە جێگای ڕەخنەی ئێمە دەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە و ئەرکە لەسەری مووچەی ئێمە بەباشترین شێوە دابین بکات و دەبێت یاسای چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکات و دەروازە سنوریەکان کۆنتڕۆڵ بکات و داهاتی نەوت شەفاف بێت."

لە لایەکی ترەوە رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گوتی" بانگهێشتراوین بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممە، دەبێت ئەم بابەتە بە هەند وەربگیرێت و مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقعدا بکرێت و پێویستە پێکەوە قسە بکەین و گفتوگۆ بکەین کە چارەسەرەکان چیە و گرنگە پەرلەمان ئیشی خۆی بکات و پێویستە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ئەنجام بدرێت."

جێی باسە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق یاسای قەرزیان پەسەندکرد و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق نیگەرانیان لەمەڕ ئەو پرسە دەربڕی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:51 0:00


XS
SM
MD
LG