Accessibility links

چەکدارەکانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا پەیوەندییان هەیە


ئەنجامدانی هێرشەکانی داعش لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق لە یەککاتدا، ئەو بڕوایەی لای هێزە عێراقیەکان دروستکردووە، ئەو چەکدارانە هەرچەندە دورن لەیەکتریەوە و لەنێو حەشارگەکاندان، بەڵام هێشتا پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا ماوە و ڕێنمایی سەروی خۆیان پێدەگات.

دوو شەو لەمەوبەر، داعش لەسنوری کەرکوک هێرشی کردە سەر هێزە عێراقیەکان و بەو هۆیەوە، چەند سەربازێک کوژران و برینداربوون، لەهەمانکاتدا لەسنوری خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین و ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالەش، هێرشیان ئەنجامداوە و چەند سەربازێکی تریش کوژراون و برینداربوون.

محەمەد فایەق، بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش هێرشەکانی لەیەک کاتدا لە چەندین قۆڵەوە ئەنجام دەدات، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەبوونی پەیوەندی لەنێوانیاندا، هەرچەندە ئەو چەکدارانە زۆر دوریشن لەیەکتریەوە."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ژمارەیەک بەرپرسی داعش لەچەند شەوی ڕابردوودا، لە ناوچەکانی کەرکوک چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، ڕێنماییان بۆ چەکدارەکانیان ناردووەتە خوارەوە، هێرشەکانیان چڕ بکەنەوە و شێوازی نوێی ئەنجامدانی هێرشیشیان پێگەیاندوون.

ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێرشەکانی داعش جۆرێکن لەبەرگری، دەیانەوێت بە بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان، شەڕەکە بهێننە نزیک شار و شارۆچکەکان، تا دەستی هێزە عێراقیەکان نەگاتە ئەو ناوچانەی ئەوانی لێن."

وتیشی"مامەڵەی پۆلیسی فیدرالی لەگەڵ گوندنیشینەکاندا باش نەبووە، ئەوان ئەو مەسەلەیان قۆستووەتەوە و کاری لەسەر دەکەن."

ناو بەناو هێزە عێراقیەکان لەسنوری کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی داعش ئەنجام دەدەن، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نیە، وەک دەگوترێت زانیاری پێشوەخت دەگاتە داعش و پێشتر ناوچەکان جێدەهێڵن.

محەمەد فایەق، ڕوونیکردەوە داعش تونێل و حەشارگەیەکی زۆری لە ناوچە دوورە دەستەکان هەیە، ئینجا بۆشایی ئەمنی نێوان ناوچەکان و هێزە جیاجیاکانیشیان قۆستووەتەوە.

بەر لە هێرشەکانی چەند شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش، دەنگی ئەمەریکا لەڕێگەی چەند سەرچاوەیەکەوە زانیاری لەبارەی نیازی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرش بڵاوکردبوویەوە، ئەو پلانەی داعش وایکردبوو، هێزە عێراقیەکان لەشەواندا لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:12 0:00


XS
SM
MD
LG