ئەگەری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، هەندێک لە پێکهاتەکانی توشی ترس و دڵەڕاوکێکردووە، بەوەی کشانەوەی ئەو هێزانە، دۆخی عێراق بەرەو پشێوی و گرفتی گەورەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ببات، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعیەکان دڵخۆشن بەو هەنگاوەی واشنتن.
کشانەوەی نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکی لە عێراق، یەکێکە لەو ئەگەرانەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی دانۆڵد ترەمپ ی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری لەبارەوە بدات، بەڵام لە ئێستاوە ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا، لەنێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانیش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
شێرکۆ میروەیس سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاوە لە عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئامادەگی ئەمەریکا چی لە عێراق و چی لە ناوچەکەش، گرنگی خۆی هەیە، بوونی ئەو هێزانە بەربەست بووە لەبەردەم زاڵبوونی گروپە تیرۆرستی و گروپە چەکدارە جۆراو جۆرەکان، کە نەیانتوانیووە ئامانجی خۆیان بپێکن."
بەبڕوای شێرکۆ میروەیس، عێراق هەڕەشەی گروپە تیرۆرستیەکانی لەسەر ماوە، دۆخی ئابووری عێراق خراپە و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان پڕە لە هەڵبەز و دابەز، شەقامی عێراقی توڕەیە، بۆیە لەم قۆناغەدا عێراق، پێویستی بە ئامادەگی ئەو هێزانەیە.
میروەیسی، وتیشی"هەرچۆن لە ئایندەی عێراق دەڕوانیت، دۆخەکە بە خەیر نابینیت، بۆیە پاشەکشەی هێزەکانی ئەمەریکا، ئایندەی عێراق ناڕوونتر دەکات."
هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەشەڕی داعشدا، هاوکارێکی زۆری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەبوون، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتبوونە دەست داعش، کە تا ئێستاش هاوکاری ئەو هێزانە بۆ عێراقیەکان بەردەوامی هەیە، بۆیە کشانەوەی ئەمەریکا، نیگەرانی لای کورد و بەشێکی زۆر لە هێزە سونیەکان دروستکردووە، بەتایبەت سونەکان خوازیاربوون، بە ئامادەگی ئەمەریکاییەکان، هەرێمێکیان لەچوارچێوەی عێراق دا بۆ بونیات بنرێت.
وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی پێشووی باشووری کەرکوکی هێزی پێشمەرگە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی 5 هەزار شەهیدیان دا، تا رژێمی بەعسیان ڕووخاند، بڕیاری کشانەوەی ئەو هێزانەمان لا ڕوون نیە، نازانین لە پشت پەردەوە چی دەگوزەرێ، بەڵام کشانەوەیان، عێراق توشی پشێوی گەورە دەکات."
هەرچەندە کورد و عەرەبی سونە ترسی ئەوەیان هەیە لە غیابی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان تێکبچێت و لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە کە زۆرینەی عێراق پێکدەهێنن، هەوڵی کەنارخستن و لاوازکردنی پێگەیان بدرێت، بەڵام زۆربەی هێزە شیعیەکان، کشانەوەی ئەمەریکایان پێخۆشە و پێشوازی لێدەکەن.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، یەکێکە لەو ئەجێندایانەی هێزە شیعیەکان کاری بۆ دەکەن، هەربۆیە زۆربەی چاودێران پێیانوایە، موشەک بارانکردنی باڵیۆزخانە و ناوەندە دبلۆماسیەکانی ناوچەی سەوز، بەشێکن لەو ئەجێندایە و دەیانەوێت ئەمەریکاییەکان هەراسان بکەن.
عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بوونی ئەمەریکا لەعێراق، جگە لە زیان، سودی نیە، ئێمە دەمانەوێت ئەمەریکا ئەمڕۆ عێراق جێبهێڵێت، عێراق وەزعی باشە و سنورەکانمان کۆنترۆڵ کردووە، هێزی ئەمەریکامان ناوێت."
ئەگەری دەرچوونی بڕیار لەلایەن کۆشکی سپی یەوە بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانیان لە عێراق، تەنانەت لە سەر ئاستی نێوخۆی ئەمەریکاش کاردانەوەی هەبووە، بەشێک لە سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکا، پێیانوایە بڕیارێکی لەو جۆرە، دڵی نەیارەکانیان خۆش دەکات.