ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات نوێنەرانی حیزبەکەی لە حکومەتی هەرێمدا، هیچ دەسەڵاتێکیان پێنەدراوە، ڕەخنە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت بە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان، دەڵێت"بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار و سەرنج ڕاکێشان بۆ قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق، بڕیارێکی بوێرانە و دروستی حیزبەکەی بوو."
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حامیدی حاجی غالی، دەڵێت"وەزعی خەڵک باش نیە، بێ موچەیی نەهامەتیە بۆ خەڵک، حیزبەکان تەنها تاوانیان ئەوەیە کە ڕاناپەڕن، ڕاپەڕینیش زۆر دەکەوێت لەسەر حیزبەکان، چونکە ئەم هەرێمە دەرئەنجامی هەزاران شەهید و پەنجا ساڵ خەبات و دەردەسەریە، گەر حیزبەکان قیادەی خەڵک بکەن و ڕاپەڕن، دەترسن حکومەتەکە و هەرێمەکە بڕوخێنن و خراپ لەسەریان بکەوێت، بۆیە پەندێکی کوردی هەیە، دەڵێت: جام کەپڕبوو، لێی دەڕژێ، دیارە هێشتا جامەکە پڕ نەبووە."
بێ تاوان پیشاندانی حیزبەکان لەلایەن بەرپرسەکەی یەکێتیەوە، لەکاتێکدایە حیزبەکان حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە، لەو وەڵامدا حامیدی حاجی غالی، وتی"حیزبەکان حکومەتیان پێکنەهێناوە، بۆ نموونە یەکێتی و گۆڕان لەحکومەتدان، بەهەردووکیان و وردە حیزبەکانی سەربە پارتیش، بەقەد دوو وەزیری پارتیان بەدەست نیە، ئەو وەزارەتانەش کە پێیاندراون، ئەو وەزارەتانە نین بڕیاریان تێدا جێبەجێ بکرێت، پارتی هەمووشتی پاوان کردووە، ئیتر ئەمە بیانوو گرتنە بە گۆڕانی قوڕبەسەر و کۆمەڵ و ئەوانیتر."
وتیشی"یەکێتی لە تاواندا پشکی لە حیزبەکانی تر زیاترە، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم بەرپرسە، چونکە سەرۆکی هەرێم و حکومەت و زۆرینەی پەرلەمانیشە، چی بوێت دەیکات، دەبێت ئارام بگرین، بزانین وەزعەکە بۆ کوێ دەڕوات، تا پارتی بە ئاگا دێتەوە و واز لەو غروریەتە دێنێ."
ڕەخنەگرتنی مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی لەحکومەت، لەکاتێکدایە قوباد تاڵەبانی نوێنەری یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتە، بەڵام حامیدی حاجی غالی، دەڵێت"جێگری حکومەتە، بەڵام سەرۆکی حکومەت سەفەرێکی 10 ڕۆژی بۆ ئەوروپا کردووە، بچوکترین دەسەڵاتی پێنەداوە، تا ئیشەکان بکات."
دوێنێ شەمە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی سڕکرا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بیرەوەریەکانیەوە، هەروەها قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەقیش سزای سەرنج ڕاکێشانیان بۆ دەرکرا، بەهۆی بەشداری کردنیان لەکۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا، بەبێ ڕەزامەندی حیزبەکەیان.
حامیدی حاجی غالی پێیوایە ئەو بڕیارە بڕیارێکی دروستە و دەڵێت"هەرچەندە من لەوێ نەبووم و دەنگم نەدا، بەڵام بڕیارەکە سەد دەرسەد دروست بوو، بڕیارێکی بوێرانە بوو، دەبووایە زووتر ئەو بڕیارە بدرایە و دوا نەخرایە."
سەبارەت بە هۆکاری پشتگیری کردنی لەبڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار، لەکاتێکدا ئەو بیرەوەریەکانی نوسیوەتەوە، حامید حاجی غالی، دەڵێت"بیرەوەری نوسیووە بۆ بێحورمەتکردنی یەکێتی، چی سەروەریەکانی یەکێتی یە، داویەتی بە خۆی و ئاڵای شۆڕش، کە هیچی وانیە."
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، حامیدی حاجی غالی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حیزبەکەی بە بردنی داهاتی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و چنینەوەی داهاتی سنوری سلێمانی بۆ یەکیتی و بێبەشکردنی خەڵک لێی، وتی"یەکێتی شەریکی پارتیە، کە پارتی تۆمەتبارەکەم، یەکێتیشی تیایە و بێ تاوان نیە، بەڵام قەبارەی تاوانەکەی وەکو پارتی نیە."
زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە: