لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕایگەیاند" کاری قاچاخچێتی و مافیایی بوونی هەیە، هەموو ئەو کەسانە دەستگیردەکەین، کە کاری مافیایی ئەنجام دەدەن."
لە دانیشتنەکەدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە دەباشان بۆ هاوسەرۆکی یەکێتی و نوێنەری ژمارەیەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕێکخرا، لە وەڵامی پرسیارێکی دڵشاد ئەنوەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادا، سەبارەت بە قاچاخچێتی سنورەکان و هەڵکوتانە سەر بازرگانان، بافڵ تاڵەبانی وتی" کاری مافیایی لەهەموو کوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە هەموو مافیاکان دەستگیربکەین، تەنانەت هەرکەسێکیان لەپشت بێت."
سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش بە تورکمان و هەڵوێستی حیزبەکەی، باڤڵ تاڵەبانی وتی" ئەو مەسەلەیە وەکو دەنگۆ بوونی هەیە، بەڵام ئەستەمە شتی وا ڕووبدات و قەبوڵی ناکەین."
لە وەڵامی پرسیارێکی تری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادا، سەبارەت بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و پەکەکە، هاوسەرۆکی یەکێتی وتی" ئێمە دژی هەڵگیرسانی شەڕی کورد بە کورد و بەدیاریکراوی پەکەکەین."