ئەزموونی ڕۆژنامەوانی کارێکی ئاڵۆز و پڕە لە هەوراز و نشێو، چاوی خوێنەران و بینەران و گوێی بیسەران دەکرێت هەمیشە بە سەنگی مەحەک دابنرێت بۆ ڕۆژنامەوان.
هەوڵەکان هەرچۆنێک بن و هەرچۆنێکیش بووبن، دەبنە بەشێک لەو ئەزموونەی کە مەرج نییە هەر تەنها ببەسترێنەوە بە ڕووداوەکان و کاریگەرییان لەسەر پێشهاتەکان، بەڵکو دەتوانرێت کارەکانی ڕۆژنامەوانێک لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت، بەشی خۆی ببێتە وانەیەک بۆ ڕۆژنامەوانێکی دیکە.
بەشی گرنگی ئەزموونی ڕۆژنامەوانی دەکەوێتە سەر پرسیار؛ واتە ئەو پرسیارەی ڕۆژنامەوان لە بەرامبەرەکەی دەکات تا زۆرترین زانیاری لێ بەدەست بێنێت و بە وەرگری بدات.
ئەگەرچی جیاوازییەکی زۆری ڕوانین هەن لەسەر "پرسیار کردن" بەڵام دەتوانم بڵێم بە گشتی هاوڕاییەک هەیە لەسەر ئەوەی ناکرێت پرسیار و دەرفەتەکان بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕانگێزی بەکاربهێنرێن، چونکە وەرگر پێویستی بەو جۆرە شەڕانە نییە هێندەی ئەوەی دەخوازێت زانیاری نوێی پێبدرێت.
ئەم جۆرە بۆچوونە شتێکی ڕەها نییە، بەڵام هەمیشە ئەو ئەزموونە کاریگەر دەمێنێتەوە لای وەرگر کە دەبێتە سەرچاوەی زانیاری نەک ئاشوب.
پرسیار گرنگە، هەموو پرسیارێکیش ڕەوایی و گرنگی خۆی هەیە، بۆیە گرنگە ئەو پرسیارەی لای تۆ هەیە، دەشێت لای نوسەر و ڕۆژنامەوانێکی تر نەبێت، هەر بۆیە ئەزموونەکان پێمان دەڵێن؛ پرسیاری خۆت بکە چونکە ئەگەر تۆ ئەو پرسیارەت نەکرد، ئەوا دەشێت کەسێکی تر ئەو پرسیارە بکات.
خانمێکی ڕۆژنامەوان لە ڕۆژنامەی هاوڵاتییەوە دەستپێدەکات، هەنگاوی خۆی دەبڕێت و دواتر نیشتمان جێدەهێڵێت.
لە نیشتمانی دووهەمیدا بارگەی خۆی دەخات و لە سەرەتاوە دەستدەکات بە ژیانێکی نوێ.
ماردین ئەحمەد، نیشتمانی خۆی جێهێشت بەڵام ڕۆژنامەوانی جێنەهێشت، لە ئەمریکا جارێکی تر تێهەڵدەچێتەوە و لەگەڵ کەناڵێکی ناوداری ئاسمانیدا دەست بە کاری ڕۆژنامەوانی خۆی دەکاتەوە و خۆی دەکات بە زۆر سوچ و کون و کەلەبەرێکی ستانی تەکساسدا و بە شوێن زانیارییەکاندا دەگەڕێت و دەیاندۆزێتەوە تا بیانداتە وەرگری کورد لە نیشتمان.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا چەند جارێک ماردینم بینی لە بەرنامەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا بینی و ڕاپۆرتی پڕ لە زانیاری دەدا لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.
پێشتریش لەسەر زۆر بابەتی تریش، زیرەکانە ڕاپۆرتی خۆی دەدا، ئەمە بێ لەوەی دەشخوازێت وەک چالاکوانێکیش کاری خۆی بکات، لەمەشیاندا زۆر وردە و هەمیشە کار و ئەرکی چالاکوانێتی لە کار و ئەرکی چالاکوانی جیاکردۆتەوە.
ماردین ئەحمەد، ڕۆژنامەوان و چالاکوان، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: