کرویەکانی ناوچەی جەلەولای پارێزگای دیالە کە عەشیرەتێکی عەرەبن، بە تۆمەتی ڕووخاندنی خانووەکانیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، سکاڵایان لەسەر ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی پێشمەرگە و ژمارەیەک بەرپرسی ئیداری تۆمارکردووە، ناحیەی جەلەولاشیان داخستووە و ناهێلن بەڕێوەبەرەکەی دەوام بکات.
کێشەی نێوان کورد و کرویەکانی جەلەولا، دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 کێشەکە قوڵتربووە، کاتێک کورد کرویەکانی بە چوونە پاڵ داعش و شەڕی پێشمەرگە تۆمەتبارکرد، کرویەکانیش، کورد تۆمەتبار دەکەن بە ڕووخاندنی خانوەکانیان لەجەلەولا.
شێرکۆ میروەیس بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی، کە بەشێک لەگرفتەکان لەسەردەمی بەرپرسیارێتی ئەودا ڕوویانداوە، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەندێک لەکرویەکان دوو ساڵە ناحیەیان داخستووە و ناهێڵن بەڕێوەبەری ناحیەکە، کە لەپشکی کوردە دەوام بکات، لەکاتێکدا جەلەولا هی هیچ کەس و پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو هی هەمووانە."
وتیشی"بەسەرۆک وەزیرانم وت، کە ناهێڵن بەڕێوەبەری ناحیە دەوام بکات، ئێستا دەیانەوێ بە ناوی خانوو ڕووخاندنەوە، خەڵک ڕاوبنێن، گەر ئەوان برادەرانی ئێمە بە خانوو ڕووخاندن تۆمەتبار دەکەن، ئەوانیش چەندین پێشمەرگەیان شەهیدکردووە."
سەرهەڵدانەوەی کێشەی نێوان کورد و کرویەکان هەفتەی ڕابردوو بوو، کاتێک لەسەر سکاڵای کرویەکان و بەتۆمەتی رووخاندنی خانوەکانیان، فەرمانی دەستگیرگردن بۆ نزیکەی دە بەرپرسی سەربازی و ئیداری کورد دەرچوو، کە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بەهەندێکیانەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.
کرویەکان کورد تۆمەتبار دەکەن بە دەستدرێژیکردنە سەریان لەدوای ساڵی 2003 ەوە تا ساڵی 2014، کوردیش کرویەکان بە بەعسی بوون و چوونە پاڵ داعش تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لەئێستادا زۆرینەی کرویەکان بوونەتە حەشدی شەعبی و دەسەڵاتدارن.
شیرکۆ میروەیس وتی"جەلەولا لە ژێر سەرپەرشتی کورددا، زیاتر لە 13 هەزار خێزانی بۆ گەڕاوەتەوە و ئاوەدانکراوەتەوە، سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی کردووین."
وتیشی"جەلەولا مەیدانی شەڕبووە، ناکرێ ڕووخانی خانوو بکرێتە بیانوو بۆ دەرکردنی کورد، ئینجا دادگا بای ئەوەندە ئیعتیباری ماوە، گوێ لە ئێمەمانانیش بگرێ."
کرویەکان دوای شەڕی داعش، زۆربەیان ڕوویان لەشاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە کرد، بەڵام دوای 16 ی ئۆکتۆبەر و باڵادەستبوونی هێزە عێراقیەکان، جارێکی تر بۆ ناحیەکە گەڕاونەتەوە و لەئێستادا باڵادەستن.
شیرکۆ میروەیس لەو بارەوە دەڵێت"ناکرێ هەموو کرویەکان تۆمەتبار بکرێن، چونکە بەشێکی زۆریان دۆستمانن، بەڵام هەندێکیان تا بەعس مابوو، بەعسیانە مامەڵەیان دەکرد، دواتر بۆ دژایەتی کورد، چوونە پاڵ داعش."
مانەوەی کێشەی نێوان کورد و کرویەکانی جەلەولا بەهەڵواسراوی، لەکاتێکدایە تائێستا دۆخی ئەمنی ناوچەکە خراپە، هەردوولا یەکتری بە نانەوەی پشێوی تۆمەتبار دەکەن.