بەکارهێنانی چەک لەلایەن هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان لە دەمی ناکۆکی و دەمەقاڵیدا بۆتە دیاردە. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابوردوو لە شاری هەولێر بەهۆی بەکارهێنانی چەک کەسێک کوژراوەو دوو کەسیش بریندار بوون.
سەبارەت بە هەوڵی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیەوە و دەرکردنی یاسایەک بۆنەهێشتنی هەڵگرتنی چەک بە شێوەیەکی نایاسایی و ڕێکخستنی مۆڵەتی خاوەندارێتی چەک رێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" چەندین بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆ هاتوونەتە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان دانیشتوون باسی هەموو ئەو کارانە کراون بەڵام وەکو دانیشتن لەسەری بکرێت نەخێر، چونکە دیاردی کوشتن و خۆکوشتن نەک تەنها بە چەکە، کێشەیەکی دەرونییە لە بێ مووچەیی و بێکاریە پێویستە چارەسەری کۆمەڵایەتی بۆ بدۆزرێتەوە خەڵکی کورد کەوتووەتە حاڵەتی دەرونی ناخۆش بۆیە ناتوانن تەحەمولی دەرونی خۆیان و هی بەرامبەریان بکەن."
لە ماوەی ڕابوردوودا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە بەدواداچوونێکیان کردبوو لەو بارەیەوە زیا بوتروس سەرۆکی دەستەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک کاتی خۆی کە فشارمان کرد و ڕاپۆرتی مانگانە و ساڵانەشمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ بەرزکردەوە ئاماژەمان بەوەکرد کە بەرەڵابوونی چەک و کۆنترۆڵنەکردن و تەقەمەنیەکان و بازاڕی چەک ئاوا بە ئاشکرا بفرۆشرێت، هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە، پاش ماوەیەک وەزارەتی ناوخۆ چەند لیژنە و بازگەیان لەناو شەقامەکان و شوێنە گشتیەکان دانا بۆ ئەوەی کەوا دیاردەی چەک هەڵگرتن قەدەغەبکرێت بەڵام لەماوەی چەند رۆژێک بوو و ئیتر نەما، گەنجەکانی ئێمە تەمەنی لە هەژدە ساڵە و کەمترە چەکی لەناو ئۆتۆمبێل هەیە و کاتێک تووشی کێشەیەک دەبێت لەگەڵ برادەرەکەی یەکسەر چەکەکەی بەکاردێنێت."
چالاکوانان دەڵێن لە هەولێر بە ئاشکرایی بازاڕی فرۆشتنی چەک هەیە و خەڵکی لەوێ چەک دەکڕن و دەفرۆشن.
کەمال کوردی چاڵاکوانی سڤیل سەبارەت بە بەو جۆرە بازاڕە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " سەبارەت ئەو چەکە نایاساییانە و فرۆشتنیان لەبازاڕی هەولێر ماوەیەکی زۆرە چەکی سوک و جۆرەها چەقۆ و چەکی گەورە دەفرۆشرێت، دەمێکە بیستوومە دەڵێن یاسای بۆ دانراوە و چاودێری دەکرێت و بێ مولەت کەس ناتوانێت چەک هەڵبگرێت بەڵام هەموو ڕۆژێک دەبینین کارەسات لەهەولێر و شارەکانی تر ئەنجام دەدرێت بۆ ئەو پرسە پێم وایە پەرلەمان و حکومەت پێکەوە دابنیشن و یاسایەکی تایبەت بۆ ئەو پرسە دەربکەن و هیچ جیاوازیەک لە نێوان بەرپرسان و کەسێکی ئاسایی نەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵێکی باشتر بکەن و ئەگەر بتوانن ئەو بنکەیە دابخەن واتا حکومەت خۆی چاودێری کڕین و فرۆشتن بکات لەو چەکانەی کە خەڵکی پێویستە و مولەتیان هەیە."
سەبارەت بە چارەسەری کەمکردن و نەهێشتنی هەموو ئـەو تاوانانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی چەکەوە ئەنجام دەدرێن، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە گووتی " چارەسەر لای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆیە دەبێت رێگا و سزایەکی تونترببینن بۆ نەهێشتنی ئـەم دیاردەیە چونکە ئەگەر جاران حاڵەت بووە ئێستا بووەتە دیاردە و ڕۆژانە چەند کەس خۆی دەکۆژیت یان دەکۆژرێت و هۆکار و ئامرازەکەشی بوونی چەکە."