بەرپرسی بەشی سیاسەتی گشتی لە ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسی و ئابوریەکان، ئاماژەبەوەدەکات ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، قەیرانی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چارەسەر ناکات، گەر هەرێم چاکسازی ڕیشەیی ئەنجام نەدات.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن دەڵێت"تەنها دەرەچە بۆ دەربازبوونی هەرێم لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، چاکسازیکردن و بنەبڕکردنی گەندەڵیە، ئەگینا چارەسەرەکانی تر، تەنها پینەوپەڕۆکردن و دواخستنی تەقینەوە جەماوەریەکانە، لەمڕۆ بۆ سبەی."
بەرپرسی بەشی سیاسەتی گشتی لە ناوەندی عێراقی، پێیوایە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، قەیرانی دارایی و ئابووری هەرێم چارەسەر ناکات، چونکە ئەو پشکە بودجەی بەغدا دەینێرێت، تەنها بۆ موچەی فەرمانبەرانە، لەکاتێکدا ئەوانەی ڕژاونەتە سەر شەقام و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، 90%یان گەنجی بێ کارن، وتی"دەبێت حکومەتی هەرێم کار بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی کاربکات."
لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن ڕوونیکردەوە حکومەتەکەی مستەفا کازمی لاری نیە، لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2019 ی نێوان هەرێم و عادل عەبدولمەهدی، کە بریتی بوو لە نەوتی هەرێم بەرامبەر بە بودجە، دەشیانەوێت ئەمە بخەنە نێو بودجەی ساڵی 2021 ەوە، وتی" ئەمە تەنها بیرۆکە و لێکگەیشتنە، نەبووەتە بڕیار، هێشتا مشت و مڕی ناو پەرلەمانی عێراقی لەسەر ماوە، هێشتا دیار نیە، لیژنەی دارایی دەستکاری دەکات یان پێی ڕازی دەبێت."
هەندێک زانیاری لە نێو سەرکردایەتی یەکێتی یەوە دزەیانکردووە، گوایە گەر حکومەتی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ لەگەڵ بەغدا ڕێکنەکەوێ، ئەوا یەکێتی تاکلایەنە لەگەڵ بەغدا ڕێکدەکەوێ و لەبەرامبەر پشکی سلێمانی، نەوتی ئەو سنورەی ڕادەست دەکات، لەو بارەیەوە محەمەد حسێن بەرپرسی سیاسەتی گشتی لە ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسی و ئابوریەکان، وتی"نەوتی سنوری سلێمانی هێندە زۆر نیە، بە تایبەت نەوتی گەرمیان و ئەوەی تەقتەق، 40 بۆ 45 هەزار بەرمیلێکە، بە دووری دەزانم یەکێتی بتوانێت شتێکی وابکات، ڕەنگە خەڵکی ناو یەکێتی بۆ موزایەدە و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە خۆپیشاندەر و توڕەکە، یاخود بۆ مەبەستی حیزبایەتی و ڕێکخراوەیی، پڕوپاگەندەی لەمجۆرە بڵاوبکەنەوە، ئەگینا ئەوە لە خەیاڵ دەچێت، تاوەکو پلانی سیاسی و واقیعی."
هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەچەندین شاروشارۆچکەی هەرێمی کوردستان، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەفدێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتووگۆکردن لەبارەی پشکی هەرێم، سەردانی بەغدای کرد، بەوتەی وەفدەکە، گەیشتوونەتە لێکگەیشتن.