Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: شەپۆلی ناڕەزایی یان ڕاپەڕینێکی تر لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا


خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەستیانپێکردەوە. جارێکی تریش ناڕەزایی خەڵک دەگۆڕدرێتەوە بۆ توندوتیژی، هەوڵەکان بە ئاڕاستەی قڕوقەپ پێکردنی دەنگی ناڕازییە، هەرچەندە ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە نەبۆتە شەپۆلێکی سەرتاسەری بەو ئەندازەیەی بگوترێت تەواوی هەرێمەکەی گرتۆتەوە.

خۆپیشاندەران بارەگای هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئاور تێبەردەدەن، وەک بڵێی ئیتر ئەو بڕوایەی پێشتر بە حزب هەبووە بەرەو هەڵوەرین دەڕوات و ئاماژەیەکیشە بەوەی لای خەڵک هەر تەنها دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێم، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئامانج نین بەڵکو بە ئامانج گرتنی هەموو ئەو ڕەنگانەن کە بوونەتە ناسنامەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش دەکرێت بخرێتە خانەی ڕەتکردنەوەی پیرۆزکردن و بە ئەفسانەکردنی حزبەکان.

لەهەمان کاتیشدا ژمارەیەک پرسیار هەن پێویستە بکرێن و ناکرێت نادیدە بگیرێن، لەوانە؛ ئایا ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە درێژەی دەبێت و دەبێتە فشاری ڕاستەقینە بۆ چاکسازی و کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ ژیان و گوزەرانێکی باشتر؟ یان ئایا ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە جوگرافیای پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەرەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین تێدەپەڕێنێت؟

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمە یەکەم جار نییە خەڵک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام هێشتاش نازانرێت بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات و لەناو ئەم هەموو بێزاری و ناڕەزایەتیەدا ڕێبەرایەتیکردنی ئەم شەپۆلە لە ئەستۆی کێدا دەبێت.

میوانی بەرنامە:


دکتۆر هەردی مێد

پسپۆڕی کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی سۆربۆن، فەڕەنسا

دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان دەڵێن دەستێوەردان لەم شەپۆلی ناڕەزاییەی خەڵکدا دەکرێت.

دواترین لێدوانیش، لێدوانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەی 9ی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو کە دەڵێت "ئەوەی ئەم چەند ڕۆژە بینیمان ئاڕاستەی خۆپیشاندان گۆڕدرا و چەند کەسێک هاتوونەتە ناو خۆپیشاندانەوە و ئاڕاستەکەیان گۆڕی و کردیان بە توندوتیژی و فەرهود و تێکدانی دۆخی کوردستان، ئەوانە دوژمنی ئەم قەوارەیەی هەرێمن، ئەگەرنا حکومەت پشتیوانی خۆپیشاندان دەکات، بەڵام سەقامگیریش ئەرکی ئێمەیە، پێویستە لەوەش ئاگاداربن."

بەلانیکەم 8 خۆپیشاندەر کوژراون، دەیان خۆپیشاندەری تریش بریندارن بەهۆی تەقەی هێزە ئاسایشییەکانەوە و دەیان کەسیش دەستگیرکراون.

داواکارییەکانی خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی ئەرک و مافی هاوڵاتیبووندان.

چەندان جاری تریش خۆپیشاندان کراون و خەڵک داوای هەبووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوێکی کۆنکریتییان نەناوە و کێشەکان و داواکارییەکان کەڵەکە بوون بەسەر یەکدا و زۆربەی هەرە زۆریشیان بەبێ چارەسەر هێڵراونەتەوە.

دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر یەکە و بە شێوازێک لۆمە دەخاتە ئەستۆی لایەنی تر، لۆمەکردنەکان دوو جۆرن، یەکەمیان لۆمەکردنی پارتی کرێکارانی کوردستانە، وەک دەڵێن پەکەکە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و گێرەشێوێنی دەدات لە هەرێمی کوردستاندا، ڕای دووهەمیشیان لۆمەکردنی بەغدایە بەوەی مافە دەستورییەکانی کورد لە عێراقدا دابین ناکات، ڕای سێهەمیش ئەوەیە لە یەک کاتدا لۆمەکە لە ئەستۆی پەکەکە و بەغداش دەنێت.

وەک چۆن دەگوترێت داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق نادیارن، ئاوەهاش دەگوترێت ئەگەر ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا داهاتووش وەک داهاتەکەی نادیار دەبێت.

ئایا ئەزمونی نزیکەی 30 ساڵی فەرمانڕەوایەتی کورد لە عێراقدا چۆن ناودێر دەکرێت؟

ئایا خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان هیچ مانایەکی بۆ شەرعییەتی شۆڕشگێڕی هێشتۆتەوە؟

ئایا چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەغدایە؟

دکتۆر هەردی مێد، پسپۆڕی کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی سۆربۆن، فەڕەنسا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG