Accessibility links

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی ئیسلامی: پێکهێنانی حەشدی کوردی بۆ کڕینی ئیرادەی خەڵکە


هەوڵەکانی حەشدی شەعبی بۆ پێکهێنانی هێزی "حەشدی کوردی" لەکەرکوک و هەوڵدان بۆ دەرکردنی ژمارەیەک گوندنیشینی کورد لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە، حیزب و لایەنە کوردیەکانی لە کەرکوک کۆکردەوە، کە پێکهێنانی هێزی هاوبەش لە سەرجەم پێکهاتەکان، خواستی سەرەکی حیزبەکان بوو.

ڕێباز سابیر بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی ئیسلامی و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هۆکاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە کوردیەکانی بۆ هاتنە پێشەوەی هەندێک پێشهات گێڕایەوە، دەڵێت "زوڵمی گەورە لە گوندنیشینە کوردەکانی دەوروبەری کەرکوک دەکرێت، هەوڵ دەدرێت لەگوندەکانیان دەربکرێن و عەرەب لە جێگەکانیان نیشتەجێ بکرێت، وەکو حیزبەکان جەختمان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم کێشەیە کردەوە."

دەشڵێت"سەرجەم حیزبەکان هاوڕابووین، هەر کەس و لایەنێک هەستێت بە پێکهێنانی هێزی حەشدی کوردی، ئەو کارە بۆ کڕین و فرۆشتنی ئیرادەی خەڵک و قۆستنەوەی بێ موچەیی و بێ کاری گەنجانە."

بەرپرسەکەی کۆمەڵی ئیسلامی، بەپێویستی دەزانێت هێزێکی هاوبەش لەسەرجەم پێکهاتەکان دروست بکرێت، گەر ئەمەش نەکرا، بەڕێککەوتن 2 لیوای پێشمەرگە ببرێتە کەرکوک، تا شانبەشانی هێزە عێراقیەکان، پارێزگاری لەدۆخی ئەمنی بکات، وتی"ناکرێت کێشەکان بە هەڵواسراوی بمێننەوە، یاخود بە لۆژیکی هێز مامەڵە بکرێت، بەپێچەوانەوە کێشەکان گەورە دەبنەوە."

پەیوەندیکردنی ژمارەیەک هاوڵاتی کورد بە حەشدی شەعبیەوە لەکەرکوک، لەکاتێکدایە پاساوی ئەو هاوڵاتیانە، خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەکانیان و پارێزگاری لێنەکردنیانە لەلایەن هەرێمەوە، ئەمە جگە لە بێکاری و بێ موچەیی گەنجان، لەو بارەیەوە ڕێباز سابیر دەڵێت"بۆشایی ئەمنی هەیە، داعش هێرش دەکاتە سەر ناوچە کوردیەکان و دەزگا ئەمنیەکان نایانپارێزن، دەبێت هێزی هاوبەش لەهەموو پێکهاتەکان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە دروست بکرێت."

لە درێژەی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێباز سابیر جەخت دەکاتەوە لەوەی "هۆکاری پەیوەندیکردنی هاوڵاتیانی کورد بە حەشدی شەعبیەوە، پەیوەندی بە پەراویزخستنی کەرکوکەوە هەیە لەلایەن هەرێمەوە، بەتایبەت کەرکوک تا لای هەرێم بوو، نەوتەکەی دەبرا، ئێستاش هەرێم کەرکوکی پەراویزخستووە، بەغداش بەهۆی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان و فرە جەمسەری، ئاوڕ لە کەرکوک ناداتەوە."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕێباز سابیر بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی ئیسلامی، پێیوابوو وڵاتانی ئیقلیمی و دژ بە یەکی بەرژەوەندیەکانیان، دۆخی کەرکوکی بەمڕۆ گەیاندووە، وتی"کەرکوک پێچەوانەی هەموو شارەکانی عێراق و هەرێم، فرە پێکهاتە و فرە مەزهەبە، گەر مامەڵەی تەندروستی لەگەڵ نەکرێت، بچوکترین هەڵە، ڕووداوی خوێناوی بەدوادا دێت."

زانیاری زیاتر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:49 0:00


XS
SM
MD
LG