ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆرن و ئەژمار ناکرێن و ئەنجامێکی کۆنکریتییان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا شاندێکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەردانی بەغدایان کرد،بە مەبەستی ئەوەی ڕێککەوتنێکی تر مۆر بکرێت و ئەمجارەیان مەرجیش ئەوەیە ئەم دواترین ڕێککەوتنە ئەگەر کرا، جێبەجێبکرێت.
سەرنج و تێبینییەکان زۆرن لەسەر ڕێککەوتنەکان، لەوانە هەموو ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نێوەندی عێراق بە فلتەرەکانی تورکیا و ئێراندا ڕەت دەبن، نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردن و هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕازیکردنی دەنگدەرانیان، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی تری سەرنج و تێبینییەکان لەسەر ڕێککەوتنەکان ئەوەیە، وەک پینەوپەڕۆکردنی کێشەکانی نێوانیان لێیان دەڕوانرێت، یان تەنها وەک ساڕێژکردنێکی کاتیانەی برینێک لێیان دەڕوانرێت بەڵام بەبێ ڕێگەگرتن لە هەو کردنی برینەکان.
میوانی بەرنامە:
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
گەر بە وردی سەیر بکەین، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر دەبنەوە و ژمارەی کێشەکان و ئاڵۆزییەکانیش هەروادێ و زیاتر دەبن و ڕەوشی شەقامیش لە هەرێم و بەغداش بەرەو توڕەیی زیاتر دەڕوات، لەو ڕوانگەیەوەی ئەو ڕیککەوتنانە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک؛ خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان بە نمونە.
گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوتیش بە تورکیا لەولاوە بوەستێت کە بەشێکی سەرەکی کێشەکانە هەم لەناو هەرێمی کوردستاندا و هەمیش لەناو بەغدادا.
لە کاتێکدا شاندی هەرێم لە بەغدا وەک دەگوترێت لە هەوڵی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی چەند مانگی ڕابردوودایە، بەڵام هەر لە ئێستاوە سەرەداوەکانی کێشەکان لەسەر بودجەی ساڵی 2021یش دەرکەوتوون.
لەناو پەرلەمانی عێراقیشدا کورد کێشەی هەیە و پەرلەمانتار هەن کە ناڕازین بە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە بڕیارە 6 مانگی تر هەڵبژاردن بکرێت.
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە دەکەن بەوەی شاندی هەرێمی کوردستانی عێراق بە هەموو داواکانی بەغدا ڕازییە و وابەستەیی خۆیشی نیشانداوە بۆ پابەندبوونی تەواوەتی بەم ڕێککەوتنە نوێیەوە کە هێشتاش نازانرێت مۆر دەکرێت یان نا.
نزیکەی یەک هەفتەیە ئەم شاندەی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەغدایە و قباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و پەیامێکیشی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت دڵنیایی دەدات بە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە شاندی هەرێم لە بەغدا دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی شایستە داراییەکان و موچەی فەرمانبەران مسۆگەر دەکرێن.
ئایا جیاوازییەکان چین لە سەردانی ئەم شاندەی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەغدا بە بەراورد لەگەڵ ئەو سەردان و کۆبوونەوانەی لە 15 ساڵی ڕابردوودا کراون؟
ئایا بەغدا خواستێکی ڕژدی هەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: