دوای هێوربوونەوەی دۆخی بەغدا بۆ ماوەی چەند مانگێک، شەوی ڕابردوو، جارێکی تر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا، لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانەوە موشەک بارانکرا، بەڵام بەپێی ڕاگەیەنراوی باڵیۆزخانەکە، زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
موشەک بارانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا، کاردانەوەی خێرای لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش لێکەوتەوە، مایک پەمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی بەهێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد.
بەڕای بەرپرسانی عێراق، کە دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە زانیاری لێوەرگرتوون، هۆکاری هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە، بۆ ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەگەڕێتەوە، کە گروپە چەکدارەکان، پەیامی سوربوونیان لەسەر "تۆڵە" کردنەوە گەیاندووە.
ئەمین بەکر، ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد گروپە چەکدارە شیعەکان تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ ڕاوەستانی بارگرژیەکان لە عێراق ئەنجام نەداوە، وەک دەڵێت "شیعەکان لەمەسەلەی کوژرانی سولەیمانی و موهەندیسدا ئەمەریکا بە تاوانبار دەزانن، ئەمەریکاش ئەوانی خستووەتە خانەی تیرۆرەوە، بۆیە داواکاری شیعەکان بۆ دەرچوونی ئەمەریکا لەعێراق بەردەوامە، شیعەکان دەیانەوێت پەیامی ئەوە بدەنە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، کە هەڵوێستیان نەگۆڕاوە و دەبێت لە عێراق دەربچن."
جەختیشیکردەوە" بەشێکی تر لە پەیامی گروپە چەکدارەکان بۆ حکومەتەکەی کازمی یە، کە پێیانوایە لە ئەمەریکاوە نزیکە."
دوای موشەک بارانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی کرد و بەهەوڵێکی تاوانکارانە بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات و خستنە مەترسی ژیانی هاوڵاتیان ناویبرد، هەروەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش لەڕاگەیەنراوێکدا، بە ئەرکی حکومەتی عێراقی زانی، ئاسایش و سەلامەتی نێردە دبلۆماسیەکان بپارێزێت.
بەڵام کاردانەوەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە هەمووان خێرا تربوو، کوت و پڕ دوای ڕووداوەکە، داوای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەبەغدا لە حکومەتەکەی کازمی کرد، داوایکرد تەنها پشت بە سوپا ببەستێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و نێردە دبلۆماسیەکان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەغدا، خوێندنەوەی تایبەتی بۆ هەڵوێستەکەی شەوی ڕابردووی ڕێبەری ڕەوتی سەدر کرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت" موقتەدا سەدر، بە نیازە دوای هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕەوتەکەی بێت، ئەم جۆرە هەڵوێستانە، جۆرێکن لە پەیام بۆ ئەمەریکاییەکان، تا دژایەتی نەکەن و جیاوازتر لە گروپە میلیشیاکان لێیبڕوانن."
بەڵام ئەمین بەکر ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە سەدر خۆی بە خاوەنی عێراق و گەورەترین و بڕیاربەدەستترین هێز دادەنێت، بۆیە دەیەوێت هەمیشە قسەی لە ڕووداوەکاندا هەبێت، وتی" سەدر دارەکەی لە ناوەڕاست دا گرتووە، ئیدانەی میلیشیاکان دەکات و داوای دەرچوونی ئەمەریکاش دەکات، چونکە هەم خۆی بەخاوەنی عێراق دەزانێت، هەم دەیەوێت خۆی لە گروپەکان بێبەری بکات، دەشیەوێت دۆخەکە بۆ پاشەکشە پێکردنی هێزە شیعیەکانی تر و خۆ بەهێزکردن بقۆزێتەوە."
هەرچەندە لە ڕابردوودا، هۆکاری زۆربەی هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە عێراق، پەیوەندیداربوون بە ناکۆکی سیاسی و ئەمنیەوە، بەڵام بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکەی بەغدا، هێرشەکەی شەوی ڕابردوو، پەیوەندی بە هەڵکشانی بەهای دۆلاریشەوە هەبووە، کە گروپەکان ئەمەریکا بەهاندەری عێراق لەو مەسەلەدا تۆمەتبار دەکەن.
بەشێکی زۆر لەو بڕە دۆلارەی بانکی ناوەندی عێراق پێشتر دەیخستە بازاڕەوە، دەبرایە وڵاتی ئێران، یاخود عێراق کرابووە بازاڕێکی باش، بۆ دەستکەوتی دۆلار و دراوی قورس لەلایەن ئێرانەوە، بۆیە بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، بەشێک لە هێزە شیعەکانی نیگەران کردووە.
ئەمین بەکر، پێیوایە ئەوە بەشێکی مەسەلەکەیە نەک هەمووی، بەتایبەت بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار خەڵک و هێزە شیعیەکانیش نیگەرانکردووە، وتی" شیعەکان پێیانوایە حکومەتی ئێستا ئینتیمای بۆ ئەمەریکا هەیە، بۆیە بڕیارەکەی بێزاری خەڵک و هێزە شیعیەکان و تەنانەت ئێرانیش لێکەوتووەتەوە."
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە: