Accessibility links

جارێکی تر پڕۆژەی " بەهەرێم کردنی کەرکوک" زیندوو دەکرێتەوە


کەرکوک-فۆتۆ دڵشاد ئەنوەر
کەرکوک-فۆتۆ دڵشاد ئەنوەر

جارێکی تر پڕۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوک زیندوو دەکرێتەوە، بەڵام ئەمجارە پرۆژەکە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و کەسایەتی شارەکەوە کاری لەسەر دەکرێت، دەیانەوێت خەڵک و هەموو لایەن و پێکهاتەکان بە پڕۆژەکەیان ڕازی بکەن، تا کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ لەچوارچێوەی عێراق دا.

پڕۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوک لەسەردەمی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمەریکا لە عێراق قسەی لەبارەوە دەکرێت، تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوکیش کاریان لەسەر کردووە، تورکمانەکانیش چەندین پڕۆژەیان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتەڕوو، بەڵام لەمپەرەکانی بەردەمی، ڕێگربوون لە سەرگرتنی پرۆژەکە.

لەتیف فاتیح فەرەج، یەکێک لەو کەسایەتیانەی کەرکوک، کە پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوکیان جارێکی تر زیندوو کردووەتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کەرکوک هەموو دەرەچە و دەرفەتەکانی لەدەستداوە، دەرەچەو دەرفەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و یەکتر قەبوڵ کردن و چارەسەرکردنی کێشەکان، تەنانەت دەرەچەی گێڕانەوەی قەزاکانی کەلار، خورماتو، کفری و چەمچەماڵیش بۆ سەر کەرکوک لەدەستدرا، لەکاتێکدا یاسای بەعس هەڵوەشێنرایەوە."

وتیشی" پڕۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوک، پڕۆژەیەکی دەستوریە، دەرەچە و دەرفەتێکە تا جارێکی تر بیر لەوە بکەینەوە، چۆن لەکەرکوک بژین، تورکمانەکانیش پێشتر بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەیان هەبووە و پێی ڕازین، عەرەبیش هەندێک ترسیان هەیە، ئەگینا کەرکوک لەچوارچێوەی عێراق دەبێت و گرفتی نابێت."

کەرکوک-فۆتۆ دڵشاد ئەنوەر
کەرکوک-فۆتۆ دڵشاد ئەنوەر

تورکمانەکانی کەرکوک سەرباری بوونی هەندێک سەرنج و تێبینی، لارییان نیە لە بەهەرێم کردنی کەرکوک، پێیانوایە لەم ڕێگەیەوە هەرێمێکی تر، شانبەشانی کوردستان دروست دەبێت و کەرکوک دوور دەبێت لە هەیمەنەی هەرێمی کوردستان، بەڵام عەرەبەکان ڕای جیاوازیان تێدایە و بەشێکیان دژی پرۆژەکەن.

نەجات حسێن سەرکردەی کوتلەی تورکمانی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پرۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوک پرۆژەی ئێمەبوو، پێشتر خستوومانەتەڕوو، پرۆژەیەکی باشە و گەر جێبەجێ بکرێت، لەکەرکوک حکومەت و وەزارەتمان دەبێت، ناکۆکی پێکهاتەکان لەسەر پۆست و کورسیش کۆتایی دێت."

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەزاری بەرپرسەکانیەوە، بەتوندی دژایەتی خۆیان بۆ پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوک نیشانداوە، لایەنەکانی تر، تا ئێستا هەڵوێستێکی یەکلایی کەرەوەیان نیشان نەداوە.

لەتیف فاتیح فەرەج، ڕوونیکردەوە لەهەنگاوی یەکەمدا، ڕای هیچ لایەنێکیان وەرنەگرتووە، بەڵکو پرۆژەکەیان خستووەتە بەردەست خەڵکی کەرکوک، دوای سەرەتای ساڵی نوێش، لەگەڵ لایەنەکان گفتووگوی لەبارەوە دەکەن، وتی"بەگشتی خەڵکی کەرکوک و لایەنگیری حیزبەکانیش پشتگیری پرۆژەکەن، بەڵام هەندێک دەنگی نەشاز و کز دەبیسترێت، ئەوانە 18 ساڵ لەکەرکوک بوون، نەیانتوانی هیچ بۆ کەرکوک بکەن."

زیندووکردنەوەی پرۆژەی بە هەرێم کردنی کەرکوک، لەکاتێکدایە پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لە ئاستێکی خراپدایە، هیچ جۆرە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک نیە، کە پێکهاتەکان بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شارەکە لەسەری ڕێککەوتبن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:51 0:00


XS
SM
MD
LG