زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکانی بواری نوسین هاوڕان لەسەر ئەوەی نوسەران ساتە دڵشکاوەکان و مەراق و هیوابڕاویی و هەروەها ساتە وەختە شادومانەکانی ژیانی خودی خۆیان دەنوسنەوە و دەخوازن لە ڕێی نوسینەکانیانەوە بەرۆکی دنیا بگرن و ڕایتەکێنن، چونکە بڕوایان بەهێزە هزر لە ڕێی تێکستەکانەوە دەگات و دەتوانێت بە هانای جیهانەوە بچێت.
ئەدەب، هەمیشە دەتوانێت کاری زۆر گرنگ بکات لە هەردوو ڕەهەندی کۆمیدیا و تراژیدیاشەوە، کۆمەڵگە یان هەر هیچ نەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە ڕاچڵەکێنێت و ڕاڤەی بوون و مەرگ و ئەرک و وابەستەیی و وردکردنەوەی دەوروبەر لە ئەستۆ بگرێت، لەو ڕوانگەیەوەی ئەدەبی ڕاستەقینە دەتوانێت بمانباتە ناو دیوەکانی تری ڕووداوەکانەوە و ئەوەی کە باس ناکرێت و هەمیشە شاراوەیە لەلامان، یان بە مەبەست فەرامۆش دەکرێن، ئەوا لە ڕێی تێکستە ئەدەبییەکانەوە دەتوانین ئاشنا بین پێیان.
تێکستە ئەدەبییەکان وەک زۆرێک لە نوسەران ئاماژەی پێدەکەن مانا دەبەخشنە بوون و ژیان، ژیان بە مانا هاوبەشەکەی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی مرۆڤدا نەک جیاکردنەوەیان لە یەکتر.
دەشێت ئەزموونەکانی ژیانی ژنان و پیاوان، نوسینی جیاواز بەرهەم بێنن و لەوانەشە ئەم جیاوازییە لە نوسیندا لای خوێنەری ڕژد شتێکی قەبوڵ کراو بێت، بەڵام ناچێتە ئەو خانەیەی دابەشبکرێت بەسەر ئەدەبی ژنانە و پیاوانەدا لە کاتێکدا ئەرکی ئەدەب بە هەموو ژانرەکانیەوە کارکردنە لەسەر ئەو پرسیارە نوێیانەی بە خوێنەری دەبەخشێت و پرسیاریش زادەی هزرە و مرۆڤ سەرچاوەی هزر و بیرکردنەوەشە.
شیعر، ئەو زمانە هەرە باڵایەیە کە دەبێتە ئەو شنەبایەی بەردەوام دەرونی خوێنەری خۆی فێنک دەکاتەوە و ئاهێکی پێدەبەخشێت و لەنێو ئەو ژاوەژاو و فەوزایەدا دوریدەخاتەوە لەو جۆرە نوسینانە کە لە قسەی ڕۆژانە زیاتر هیچ شتێکی تر نین، دروستیکردوون.
کۆچەر ئەبوبەکر، یەکێکە لەو نوسەرانەی زۆر بە هێمنی و بێدەنگی دەنوسێت وەک بڵێیت لە یەک کاتدا دەخوازێت مرۆڤێکی بزێو بێت لە گەڕانەکانیدا و بشبێتە بەشێک لە هێمنی ئاسمان و سروشت، هەر بۆیەشە کە دەقێکی کۆچەر دەخوێنینەوە دەتوانرێت بە ئاسانی ئەو بزێوی و ئەو هێمنیە لێک جیا بکەیتەوە.
کچەکەم چیدی وانەکانی نانوسێتەوە و
پێیوایە تەماشاکردنی مامۆستاکەی لە شاشەدا کۆمیدییە.
ئێس ئێم ئێسێک،
پێت وایە ئەم دیوارانە ئێمە رزگار ئەکەن؟
- زەوی ئیدی کەمپێکی گەورەیە
وەلێ ئێمە بە تەنکەر ئاومان بۆ نایەت.
تام لێدێنێ، ئەم دوکەڵەی بە جیهاندا پەخشبووە.
نیگەرانی کاتم، کە فەرامۆشمان کرد
ئیدی کەس بۆی گرنگ نییە
ئەمڕۆ چەند شەممەیە و
کاتژمێر چەندی ئەوێت بۆ١١؟
کۆچەر، لە زۆربەی شیعرەکانیدا وردبینانە تێکستەکانی تژی دەکات لەو چیرۆکانەی یان هەرگیز نەمانبیستون، یانیش ئەگەر بیستبێتمانن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئاگاداری دیوەکانی تری ئەو چیرۆکانە نەبووین و کۆچەر هێدی هێدی بەرگێکی واڵای فەنتازیای بە بەردا دەکات و بۆمانی دەنوسێتەوە و بە چرپەیەکی پڕ لە ئاوازەوە پێمان دەڵێ دەشێت تۆ کەسێکی تا سەر ئێسقان یاخی بیت بەبێ ئەوەی هێمنییەکەت خاپور بکەیت.
لەخەونمدا، بەنێو شاری بەیروتدا تێئەپەڕین
بیرمان ئەکردەوە، سەربازەکان بەرەو مەرگ ئەچن
لەکاتێکدا خۆمان لەنێو سەربازەکاندا بوین.
لە ئاسمانی لوبنانەوە لەرزو تا، لە جەستەو کەلللەی سەرمدا رەگ دادەکوتێ.
مەسیحیەت داوا ئەکات، مرۆڤ حەزەکانی لەنێو چنگیدا بگرێ....
من ناتوانم کەللللللەی سەرم لەنێو چنگمدا بگرم
ئەمەوێت بزانم، مەسیح چی لەبارەی کەلللەی سەرەوە وتووە؟!
کۆچەر، لە نوسینەکانیدا هەروەک چۆن خۆی دەنوسێتەوە و شاعیرانە ڕووداوەکانمان بۆ دەخوێنێتەوە، ئاوەهاش ژیان شەنوکەو دەکات لە هەورەبانی خەیاڵی شاعیرانەی خۆیەوە پەیوەندی لە نێوان بینراو و نەبینراوەکان، جەنگ و ئاشتی، شتە ناکۆکەکانمان بۆ دەخوێنێتەوە و دەمانخاتە بەردەم سەرسامییەکی قوڵەوە و ناچارمان دەکات بەوەی لەبەردەم وێنە شیعرییەکانیدا ڕابمێنین و بیربکەینەوە.
کێ باوەڕی ئەکرد،
جەنگ لە کراسەکانمان درێژتر ئەبێ
تەواوی تێکستە ئەدەبییەکانی کۆچەر ئەبوبەکر، بە کتێبی (هیچ)یشەوە، دەکرێت وەک ڕاڤەکردنێکی خودی نوسەر سەیریان بکەین کە لەوێوە بە وردی دەکەوێتە شیکردنەوەکانی خۆی و دنیابینییەکانی خۆیمان پێ ئاشنا دەکات.
بێگومان ناکرێت بگوترێت شیعر جا لە هەر قۆناغێکدا بێت لە پەیوەندی بە کۆمەڵگەوە دانابڕێت، ئەگەر وایە، ئایا شیعر دەتوانێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و ببێتە خاوەنی خۆی وەک دەقی شیعر؟
ئایا مەرجە شیعر وابەستەی کۆمەڵگە بێت، ئەگەر بڕوا بەو وابەستەییە هەیە، ئایا ئازادییەکانی شیعر کۆت و بەند ناکات؟
کامیان گرنگترە لای کۆچەر ئەبوبەکر وەک شاعیرێک، ڕەوتی شیعر لەگەڵ کۆمەڵگەدا، یان دووانەی شیعر و مۆڤایەتی گرنگترن پێکەوە؟
ئایا ڕاستە بگوترێت لە ئێستادا شیعر لە قەیراندایە چونکە خوێنەری کەمن بە بەراورد لەگەڵ 25 بۆ 30 ساڵی ڕابردوودا،ئایا ئەمە پەیوەندی بە دۆسێی شیعر و سیاسەتەوە هەیە؟
کۆچەر ئەبوبەکر، نوسەر و شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە: