بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەبەوەدەکات سەروەری عێراق لە ژێر پرسیاری گەورەدایە، سەروەری عێراق تەنها بەزاندنی سنورەکان لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر ناگرێتەوە، بەڵکو دەستدرێژیکردنە سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراقیش، بەزاندنی سەروەرین.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت"عێراق بۆ ئەوەی باشتر سنورەکان و ناوخۆی بپارێزێت، دەبێت بەغدای پایتەخت و ناوەندە دبلۆماسیەکان کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و ڕۆڵیان لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات هەیە، پارێزگاریان لێبکات."
شێرکۆ میروەیس، دەربارەی کێشمەکێشی نێوان گروپە چەکدارەکان و حکومەتی عێراق، ڕوونیکردەوە عێراق لەبەردەم مەترسی گەورەدایە، دەبێت کێشمەکێشی نێوان حکومەت و گروپەکان بەلایەکدا بکەوێت، کە ئاراستەیەکیان دەیەوێت عێراق نوقمی کیشمەکێش و گەندەڵی و شێواندنی باری ئەمنی بکات، ئاراستەکەی تریش، دەیەوێت یاسا سەروەر بێت و وڵات بۆ هەمووان بێت و ئەمنیەتی بۆ بگەڕێتەوە، وتی"هەمووان دەبێت پشتیوانی حکومەت بکەین، تا بتوانێت ژیانێکی ئاسایی بۆ خەڵک دابین بکات، ئەوەی ڕۆژانە دەبینرێت، دەستدریژیە بۆ سەر سەروەری عێراق."
سەبارەت بە جم و جۆڵی بەعسیەکان و خۆ ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت"لەبەغدا چەندین ئاراستە بوونی هەیە و هەریەکە و کار بۆ ئەجێندای وڵاتێک دەکات، ئەوەی لە گۆڕەپانەکە غائیبە، خودی عێراقە، گۆڕەپانەکە کراوەیە، دەکرێ بەعسیەکان و گروپی تریش سود لە دۆخی شێواوی عێراق وەربگرن."
لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس پێیوابوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەم دۆخەدا، هیچ لە بارودۆخی عێراق ناگۆڕێت، چونکە هێشتا چەک بۆ دەستی دەوڵەت نەگەڕاوەتەوە و گەرەنتی نیە، دەزگا ئەمنیەکانیش بتوانن پارێزگاری لە پرۆسەیەکی بێ کێشە بکەن،هەروەها دەستوەردانی وڵاتانیش لە دۆخی عێراق هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە.
بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمیش بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا کرد، روونیکردەوە هەرێم دەبێت سەقامگیری بۆ نێوخۆی بگەڕێنێتەوە و ژیانی شایستە بۆ خەڵکەکەی دابین بکات، نەشبێتە بەشێک لە کێشمەکێشەکانی نێوخۆی عێراق، بەتایبەت هەندێک کەس و لایەن، دەیانەوێت دۆخی شێواوی عێراق بخەنە ئەستۆی هەرێم، جەختیکردەوە"وەفدی هەرێم ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن دەڕبڕیووە، نوێنەرانی کورد بەسەرجەم دەنگ و ڕەنگەکانەوە، هاوڕان کە هەرێم دەبێت پابەند بێت بەو بڕگە و مادانەی لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە، ئەمە کرا، دەبێتە سەرەتایەکی باش، تا حکومەت و لایەنەکان دوای قوتی خەڵکی هەرێم، هەنگاو هەنگاو چارەسەری کێشەکانی تریش بکەن."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیکردەوە عێراق لەهەموو ڕوویەکەوە لە گێژاوی گەورەدایە، کۆمەڵێک گروپی چەکدار مایەی هەڕەشەن بۆ سەقامگیریەکەی، حکومەتیش بە ئاراستەی تر هەنگاو دەنێت، وتی" گەر وەکو حیزب و لایەنە کوردیەکان، خوێنمان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەم هەرێمە داوە، دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی لایەنی سیاسی و ئابووری بکەین، پشت بە خۆمان ببەستین و سیاسەتێکی نەرمیش لەگەڵ دەوروبەر پەیڕەو بکەین."