Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەرێمی کوردستانی عێراق لە نێوان 2020 و 2021دا


هاوڕاییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ساڵی 2020 ساڵێکی ناخۆش و خراپ و پڕ لە نیگەرانی بوو بۆ مرۆڤایەتی لەسەر ئەم گۆی زەوییە.

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا یەکێکە لە هۆکارەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆڤید 19 مرۆڤی ناچارکرد زۆربەی ڕۆژەکانی ژیانی لە خۆ کەرەنتینەکردندا بەسەر بەرێت بەڵام نەیتوانی هەر هیچ نەبێت بۆ ماویەکی کاتیی کێشە و قەیرانەکان لە جیهاندا کەرەنتینە بکات.

لەبیرمان نەچێت هاوکاتی چاوەڕوانکردنەکان لە کۆتایی ساڵی 2020دا بۆ هاتنی 2021، کۆڤید 19 جارێکی تر خۆی نوێ دەکاتەوە و بە شێوەیەکی تر پەلاماری ژیانی مرۆڤەکان دەداتەوە و جارێکی تریش مەترسییەکی نوێ دەخاتەوە بەردەم مرۆڤایەتی.

لە ئێستادا ڤاکسینێک هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە و تروسکە هیوایەکیشی بۆ چارەسەرکردن هێناوەتە ئاراوە، وەلێ ئەی کێشەکانی تر چ هیوایەک هەیە بۆ چارەسەرکردنیان، لەوانە کێشەکانی کورد لە عێراقدا لەگەڵ بەغدادا.


میوانی بەرنامە:

ڕێبین ڕەسوڵ، نوسەر و لێکۆڵەر

هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، ڕێبەرانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەردەوام داوای هێوربوونەوەی ڕەوشە ئاڵۆزەکانیان دەکرد لە جیهاندا، بەڵام ئەنجام شتێکی ئەوتۆ ڕووینەدا کە بگوترێت هەنگاوەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڤید 19 بوونە مایەی ڕاگرتنێکی کاتییانەی ئەو قەیران و خۆێنڕشتنانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا هەن.

ئەڵبەت لە ئاوەها بەرنامەیەکدا دەرفەت نابێت باس لە هەموو دۆسێکانی وڵاتانی جیهان بکرێت و ڕەهەندەکانی ئەو جۆرە دۆسێیانە شیبکرێنەوە، بەڵام خۆ دەکرێت بزانین ئایا ساڵی 2020 بۆ کورد لە عێراقدا چۆن بووە و چ جۆرە خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێت تا لەوێوە ئەگەرەکانی بەردەم کورد لە عێراقدا هەڵبسەنگێندرێن بۆ 2021.

لە ساڵی 2020 دا، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەرنوسی یاسایەکی بۆ چاکسازی پەسەند کرد ، بەڵام ڕەخنەگران لەو یاسایە جەختیان دەکردەوە لەوەی هێندەی بۆ بڕین و کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانە، نیو هێندە خۆی نەداوە لە قەرەی چاکسازی.

خۆپیشاندان هەبوون، وەک بەشێک لەو شەپۆلی ناڕەزاییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەیان خۆپیشاندەر کوژران و بریندار کران بە دەستی هێزە ئاسایشییەکانی کورد، دەیانی تریش دەستگیرکران و هەندێکیان ئازاد کراون و وەک ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و هەروەهاش چالاکوانان دەڵێن ژمارەیەک خەڵک ماون هێشتا نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرکروان و هیچ هەواڵێکیشیان نییە.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدادا کردووە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیەش پێناچێت ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی مۆر کرابێت و تەنانەت گەورە بەرپرسانی کوردیش لە هەرێمی کوردستان لێدوانی جیاواز دەدەن لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکان، یەکێک دەڵێت بەغدا و هەولێر ڕێککەوتوون و یەکێکیش دەڵێت بەغدا وەک پێویست ڕەفتاری لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستاندا نەکردووە.

ڕێبین ڕەسوڵ، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا پێداچوونەوەیەک بە ڕەوشی هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەکات لە ساڵی 2020 و هەروهاش ئەگەرەکان بۆ ساڵی 2021 .

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:00 0:00


XS
SM
MD
LG