Accessibility links

جەمال ئەحمەد: شیعەکان چوار بژاردەیان سەبارەت بە پشکە بودجەی هەرێم لەبەردەستدایە، کوردیش یەک بژاردە


ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوەدەکات هەرچەندە حکومەتی عێراق پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 ی ڕەوانەی پەرلەمان کردووە و پشکی هەرێمی بە ( 12،67) دیاریکردووە، بەڵام تپپەڕاندنی پرۆژەکە لەنێو پەرلەمان قورسە، چونکە لایەنە شیعیەکان دژی ئەو پشکە بودجەن بۆ هەرێم دانراوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمال ئەحمەد، دەڵێت "زۆرینەی ئەندامە شیعەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەو پشکە بودجەی بۆ هەرێم دیاریکراوە، بەزۆری دەزانن، لەکاتێکدا ئێمە بە کەمی دەزانین."

جەختیشیکردەوە "پشکە بودجەی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دانراوە، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتەکانی پلان دانان و بازرگانی عێراق، دانیشتوانی هەرێم 13،9%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن، نەک 12،67%."

"شیعەکان دەڵێن: 12 پارێزگای خوارووی عێراق کۆبکەیتەوە، بودجەکەیان دەگاتە 12.6تریلیۆن، لەکاتێکدا هی سێ پارێزگاکەکەی هەرێم 13.9، وەڵامی ئێمەش ئەوەبوو، بودجەی 12 پارێزگاکە هیچی بۆ موچە و بودجە نیە، لەکاتێکدا پشکەکەی هەرێم، پارەی نەوت و موچە و خانەنیشینی و هەموویەتی." جەمال ئەحمەد وایوت.

سەبارەت بەوەی ئایا لەنێو پەرلەمانی عێراق دا، ڕێگە بە تێپەڕاندنی (12.67) ی پشکی هەرێم دەدرێت، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وتی"چوار بژاردەمان لەبەردەستە، بژاردەی یەکەم: تێپەڕاندنی دەقەکەیە وەکخۆی کە پشکی هەرێمی تێدا دیاریکراوە، بەڵام ئەمە زۆر قورسە. بژاردەی دووەم: ڕەنگە گۆڕانکاری لە ژمارەکان بکرێت، بۆ نموونە لە بری 250 هەزار بەرمیل نەوت، بکرێتە 350 هەزار بەرمیل. بژاردەی سێ یەم: گۆڕینی دەقەکە بەتەواوی، بۆ نموونە داوای هەموو نەوتی هەرێم بکەن، بژاردەی چوارەم: هەموو دەقەکە لابدەن، دەقێکی تر بهێنن، بەبێ ڕەزامەندی هەرێم بەسەریدا ساغ بکەنەوە."

وتیشی"بژاردەی پێنجەمیش لەبەردەم هەرێمدایە، بڵێت: هیچ لەو بژاردانە قەبوڵ ناکەم، دەگەڕێمەوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینە و بێ منەتانە مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەم."

پەرلەمانتارەکەی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمدا نەگەیشتووەتە بنبەست، بەڵام گرفتەکە باڵادەستبوونی پەرلەمانە بەسەر حکومەت دا، لەکاتێکدا پێشتر حکومەت بەهێزتر بووە، وتی" پەرلەمان باڵانسی لەدەستداوە، بە عەقڵیەتی زۆرینە مامەڵە دەکات، بۆیە کێشە بۆ حکومەتیش دروستبووە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمال ئەحمەد ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکرد لایەنە شیعیەکان و لەنێویشیاندا، کوتلەی سەدری و دەوڵەتی یاسا و هەندێک گروپی تری توندڕەو دژی جێگیرکردنی پشکی هەرێمن لە بودجەی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:33 0:00


XS
SM
MD
LG