ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی بەغدا و خواروی عێراق بۆ بەشداربوون لە ئاهەنگەكان و وەرگرتنی پشووی سەری ساڵ ڕوویان لە شار و ناوچە گەشتیاریەکانی هەرێمی کوردستان کرد بەڵام ڕووداوێک نیگەرانی و دڵگرانیەکی زۆری لای بەشێکی زۆر لە خەڵکی دروست دەکات بەهۆی ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر و شاری ئاکرێ هێرشکراوەتە سەر چەند پاسێکی گەشتیارانی بەغدا و خواروی عێراق.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی فەرمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا لە سەری ساڵدا، لێرە بەدواوە ڕێکاری تر دەگرینەبەر بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان و گەشتیاران کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان ژیانیان پارێزراوبێت و داوای لێبوردنیش لەو گەشتیارانە دەکەین کە ئازاریان چەشت و وەکو پێویست هەنگاو دەنێین بۆ ئەوەی ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە، چونکە لە ڕووی ئابوریەوە زیانی دەبێت چونکە بەشێک لە گەشتیار و کۆمپانیاکان گەشتەکانیان بۆ ئەو شوێنانە ڕادەگرن کە زیانیان پێدەگات و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە زیانی هەیە و شیرازەی ئاشتی و پێکەوە ژیان و شیرازەی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەباردەبات و لە لایەن هەندێک کەسیش لەوانەیە بیرکردنەوەی توندڕەوی زیاد بکات"
لەسەر ڕووداوی هێرشکردنە سەر پاسی گەشتیارانی بەغدا و خوارووی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر قەڵای هەولێر ڕێکخراوی دیداری ئاشتی بۆ پێکەوە ژیان وەک خۆیان دەڵێن بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ساز دەکەن و بەگوڵ پێشوازی لەو گەشتیار و پێکهاتە جیاوازانە دەکرێت کە ڕوو لە شاری هەولێر دەکەن و پەیامی پێکەوە ژیان و دژ بە هەر دەستدرێژیەک بۆ سەر گەشتیاران و پێکهاتە جیاوازەکان نیشان دەدەن.
محەمەد سەباح سەرۆکی رێکخراوی دیداری ئاشتی بۆ پێکەوە ژیان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" چەندین پێکهاتەی جیاواز لە ڕێکخراوەکەماندا بوونیان هەیە و بانگەشەی پەیامی پێکەوە ژیان دەكەین، بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی نامۆ لەشاری هەولێر ڕوویدا کە دەستدرێژی کرایە سەر چەند گەشتیارێکی ڕوویان لەشارە ئارامەکەمان کردبوو بەڵام هەر زوو لە لایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دەستگیرکران و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە، ئێمە ئەمڕۆ لەسەر قەڵای هەولێر هەڵدەستین بە رێکخستنی مەراسیمێک کە تێیدا گوڵ پێشکەش بە گەشتیاران دەکەین"
ئەو ڕووداوانە وەک کاربەدەستانی كەرتی گەشتیاری و چالاكوانانی ئەو بوارە باسی لێوە دەکەن کاریگەری زۆری لەسەر کەرتی گەشتیاری دەبێت
نزار خالید بەڕێوەبەری هەوارگەی پارکی گەشتیاری لە ڕەواندوز بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" کاریگەریشی کردووە و بۆ گەشتیاری بۆ ئێمە زۆریش خراپە و ئەوە لە کوردستانیش ناوەشێتەوە هێرشی وەها بکرێت، لە ڕووی گەشتیارییەوە زۆر زۆر کاریگەری دەکات و هەر ئێستاش کاریگەری کردووە و لە ڕووی زانستیشەوە هەر گەشتیارێک سودی بۆ 10 کەس دەبێت"
دوای هێرشکردنە سەر ئەو گەشتیارانە، بەپێی ڕاگەیەندراوێک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" هەر کەس و لایەنێک هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کەلتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، لەم ڕۆژانەدا چەند ڕووداوێکی نەخوازراو و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا. هەروەها لەو ڕاگەیەنراوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە" هەرێمی کوردستان لەساڵانی رابردوودا و تا ئێستاش پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی دەرگای کراوە بووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان و بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خوشەویستیەوە پێشوازیان لێکراوە بۆیە ڕووداوەکانی ئەم دواییە نامۆن بە ڕەوشت و کەلتووری لێبوردەیی و بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان."
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە: