ڕۆمان یەکێکە لە ژانرە نوێیەکانی ئەدەبی کوردی و ژانرێکی فرە ڕەهەندیشە.
تەکنیک لە ڕۆماندا ئاڵۆز و فراوان و بزێوە و ڕۆمانە داهێنەر و سەرکەوتووەکانیش هەمیشە پرسیارگەلێکی نوێ دەوروژێنن، هەر بۆیەشە وەک دەگوترێت زۆر ئەستەمە بتوانرێت پێناسەیەکی تایبەت بۆ ڕۆمان بکرێت.
بێگومان تەکنیک لە نوسینی ڕۆماندا زۆر گرنگە بەتایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر ناوەڕۆک و ناساندنی ململانێکان لە نێوان جەمسەرەکاندا.
خوێندنەوەی ڕۆماننوسەکان بۆ ئەو ململانێیانە و گەیاندنی بە خوێنەر لە دیدگای تایبەتی خۆیانەوە و هەروەهاش توانایی نوسەران لە چنینی درامایی ڕۆماندا و چۆنیەتی داڕشتنەوەی ئەزموونەکانی ژیانی خۆیان، هەر هەمووی پێکەوە دەبنە هەوێنی داهێنان.
گێڕانەوە دەشێت ببێتە ئامڕازێکی گونجاو بۆ گەڕانێکی قوڵ و ورد بۆ دۆزینەوەی هەموو شتە پەنهانەکان و هەموو شتە ونبووەکان لە ڕێی بەدووکەوتنی ڕووداوەکاندا.
نوسەر و دەق، پێکەوە دەبنە گوتاری سەروەختی نوسین، هەر بۆیەشە هەمیشە جەخت دەکرێتەوە لەوەی پەیوەندییەکی بابەتیانە هەیە لە نێوان دەق و نوسەردا، ئەو پەیوەندییەش لە چەمک و ڕەهەندی پرسیارەکانی خودی نوسەرەوە سەرچاوە دەگرن و وەڵامەکانیش جارێکی تر دەبنەوە بە پرسیار لای خوێنەری ڕژد.
بۆخۆم، ئەمەم لە خوێندنەوەی کتێبی هیچدا بینی.
کۆچەر ئەبوبەکر، لە کتێبی هیچدا وەڵامی پرسیارەکانی ژیانی خۆی دەداتەوە و ئێمەش دەخاتە بەردەم بیرکردنەوەیەکی قوڵ وەک باوک و وەک دایکیش.
کۆچەر سروتێکی نوێی نوسین بۆ خۆی دروست دەکات، بیر لە نوسینی ڕستەی دەستپێک دەکاتەوە، هەر وەک چۆن دەیەوێت بە درێژایی نوسینی کتێبی هیچ و شیعرەکانیشی بیرکردنەوەکانی قوڵتر ببنەوە و هەرگیزیش ئەو پرسیارە لە خۆی ناکات "بۆچی دەنوسێت."
دەشێت وەک سەرەتای نوسین، ژمارەیەک نوسەر کاریگەرییان لەسەر کۆچەر ئەبوبەکر هەبووبێت، بەڵام زوو بە زوو توانی خۆی لەو کاریگەریانە بپارێزێت ببێتە خۆی، وەک نوسەر و وەک مرۆڤ، هەروەها توانی لە وێستگە جیاوازەکانی تەمەنی نوسینیدا، بە ناسنامە و تایبەتمەندێتی خۆی ئاشنامان بکات.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی وتووێژەکەماندا، کۆچەر ئەبوبەکر ئاماژەی بەوە کرد بۆچی لەناو کورددا شاعیرێکی وەک "ڕۆمی"مان نییە و گەیشتبێتە ئاستی جیهانی.
ئەڵبەت لێرەدا ناکرێت کردەی وەرگێڕان لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانە زیندووەکانی جیهان نادیدە بگیرێن، واتە وەرگێڕانی شاکارە کوردییەکان.
جا با پێکەوە ئا لەو ڕوانینەی کۆچەرەوە بەشی دووهەم و کۆتایی وتووێژمان دەستپێبکەین و بزانین کۆچەر ئەبوبەکر چۆن لەم کردەی وەگێڕانە دەڕوانێت.
ئەگەر بێتوو کۆچەر ئەبوبەکر جارێکی تر کتێبی هیچ، نامەکانی هیچ، پەیامەکانی هیچ بنوسێتەوە، چی دەگۆڕێت تیایدا، چیی تر دەنوسێتەوە؟
لەم نزیکەی دە پازدە ساڵەی ڕابردوودا چەند شاعیرێکی ناودار بەرەو نوسینی ڕۆمان ڕۆیشتوون، ڕاستە هێشتاش ناو بە ناو لەگەڵ نوسینی شیعردا بەردەوامن بەڵام بایەخەکەیان زیاتر بە ڕۆمان و نوسینی ڕۆمانە، ئایا زەمەنی شیعر بەسەرچووە و ئیتر زەمەنی ڕۆمانە؟
کتێبی هیچ، پڕۆژەیەکە ئایا تەواوبوونی هەیە؟ من بۆخۆم چەند جارێکم خوێندۆتەوە، ئەو هەستەم لەلا دروستبووە کە بڵێم کۆچەر ئەبوبەکر وەهامان لێدەکات چاوەڕوانی کتێبی دووهەم و سێهەمی هیچ بین، لای من تا دایک و منداڵ هەبن، تا ژن و زەوتکردنی ماف هەبن، نەوە لە دوای نەوە هیچیش هەر بەردەوام دەبێت، وایە؟
کۆچەر ئەبوبەکر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: