کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە دامەزراوەی ناوکی فۆردۆ دەستیکردۆتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستی تا لەسەدا بیست.
بەم هەنگاوە ئێران بەرەو ئەوە دەڕوات یۆرانیۆمێکی ئامادەکراوی هەبێت بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، نەک بۆ بەکارهێنانی لە بواری تەندروستی و بەرهەمهێنانی وزەی ئەلیکتریکدا وەک پێشتر تاران ئاماژەی پێدەکرد. بێ لەمەش، ئەو هەنگاوە پێشێلکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئێرانە کە لەگەڵ 5 ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیادا مۆری کردووە. وڵاتانی ئەوروپا بە نیگەرانییەکی قوڵەوە دەڕواننە ئەو بڕیارەی ئێران و بە هەنگاوێکی گونجاویشی نازانن.
بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڕیاری ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەو ئاستە، وەها ناودێر کردووە کە هیچ پاساو و بیانویەک هەڵناگرێت.
ئەو ڕێککەوتنە ناوکییە لەسەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک براک ئۆبامادا مۆرکرا، دواتر بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بڕیاریدا لەو ڕێککەوتنە بکشێتەوە و سزای قورسی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند، تا تاران ناچار بکات بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنەی ساڵی 2015دا بکرێتەوە.
بێگومان ئەم هەنگاوەی ئێران ڕەهەندی تایبەتی خۆی هەیە و یەکێک لەوانە وەک چاودێر دەڵێن "تاران دەخوازێت بەر لە دەستبەکاربوونی بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، باڵادەستییەک بۆ خۆی دروست بکات پێش هەر سیاسەتێکی ئەم بەڕێوبەرایەتییە نوێیە بەرامبەر ئێران."
میوانی بەرنامە:
شەماڵ بەشیری، شیکەرەوەی سیاسی
بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا لەبەردەم زۆر کێشەی ڕژێمی ئێراندایە و مەرج نییە هەر تەنها لە بەرنامە ناوکییە مشتومڕ لەسەرەکەی ئێراندا سنوردار بێت، لەوانە؛ تێرۆریزم، مافەکانی مرۆڤ، بەرنامەی موشەکی، هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، دەستێوەردانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و تا دەگاتە دۆسێکانی تری پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکاوە هەیە. هەر بۆیەشە چاودێر لەوبڕوایەدان ئەگەر بێتوو ئەو سزایانەی ئەمریکا سەپاندونیەتیە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، هێور بکرێنەوە ئەوا باڵادەستییەکی زیاتر بە ئێران دەدات.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا ئێرانی بە گەورەترین وڵاتی جیهان بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم و هەروەهاش بە سەرچاوەی ناسەقامگیری لەو ناوچەیەی جیهاندا ناودێر کردووە.
هاوکاتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، کۆماری ئیسلامی ئێران دەست دەگرێت بەسەر کەشتییەکی کۆریای باشوردا و تاقمی کەشتیەوانەکانیش دەستبەسەر دەکات.
هەرچەندە تاران نکوڵی دەکات لەوەی دەستبەسەرداگرتنی ئەم کەشتییە پەیوەندی هەبێت بە 7 ملیار دۆلارەی لە کۆریای باشور سڕ کراوە بەهۆی سزاکانی سەر ئێرانەوە، بەڵام چاودێر وەها لێی دەڕوانن کە هەوڵێکی تری ئێرانە بۆ جەختکردنەوە لەو داوایانەی هەیەتی بەر لەوەی جۆو بایدن بڕواتە کۆشکی سپی.
وێڕای هەڕەشەکانی ئێران بۆ تۆڵە سەندنەوەی کوژرانەکەی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی، هەر تەنها یەک ڕۆژ پاش ساڵیادی ئەو کردەی کوشتنە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا کرا، تاران لە مانۆڕێکی سەربازیدا ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی بەکارهێنا.
بڕیاری زیادکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کۆریای باشور و مانۆڕە سەربازییەکەش هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەو ناوچەیەی جیهاندا.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ سزای نوێی سەپاند بەسەر ئێراندا و ئەمجارەیان پیشەسازییە کانزاییەکانی ئێرانی گرتۆتەوە و هەروەهاش کۆمپانیاکانی چین و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیاش لەم سزا نوێیانەدا کراونەتە ئامانج.
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ دەڵێت، پیشەسازی کانزاکانی ئێران سەرچاوەیەکی تری داهاتە بۆ ئێران کە بۆ جموجۆڵی تێکدەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاریدەهێنێت.
ئەگەر سزاکانی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەرییان نەبووبێت، ئەی چ شتێک وەها دەکات تاران ڕەفتارەکانی خۆی بگۆڕێت؟
بۆچی لەگەڵ فشارەکاندا لەسەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری لەو وڵاتەدا دروست نەبوو؟
ئایا سیاسەتەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکا چۆن دەبێت بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران؟
شەماڵ بەشیری، شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە: