Accessibility links

وەزیرێکی نەمسا لەسەر دزی ئەکادیمیایی ناچار دەکرێت دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە


کریستین ئاشباخر
کریستین ئاشباخر

وەزیری کار و خێزان و لاوان لە وڵاتی نەمسا درەنگانێکی ڕۆژی شەممە دەست لە کار دەکێشێتەوە پاش یەک ساڵ لە وەرگرتنی پۆستەکەی.

کریستین ئاشباخر، پاش ئەوەی گوناهبارکراوە بەوەی دزی کاری ئەکادیمیایی کردووە، بڕیاری دەست لە کار کێشانەوەی داوە.

ئەم وەزیرەی وڵاتی نەمسا، ئەندامی پارتی کۆنەپارێزی سیباستیان کورتز، ڕاوێژکاری وڵاتەکەیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە دەست لەکارکێشانەوەکەی کردووە و وەک دەڵێت بۆ "پاراستنی خێزانەکەی" ئەو بڕیارەی داوە و ناڕەزاییشی دەربڕیوە بەرامبەر ئەوەی بە "دوژمنکاری و یاری سیاسی و هێرشکردنە سەری" ناودێری کردووە.

کریستین ئاشباخر، تەمەن 37 ساڵ بە دزینی ئەدەبی ونەزانینی بنەماکانی زمانی ئەڵمانی گوناهبار کراوە لە نامەی بڕوانامەی ماجستێرەکەیدا کە لە ساڵی 2006دا وەریگرتووە، پاش ئەو لێکۆڵینەوانەی لە بڕوانامەکەیدا کراون.

کریستین بڕوانامەکەی بە پلەی زۆر باش پێدراوە لە زانکۆی فینەر نویشتات لە نەمسا.

ستیڤان فیبەر، پسپۆڕ لە بواری ساختەکردن لە وەرگرتنی بڕوانامەی باڵادا، کە لێکۆڵینەوەکانی کردووە دەڵێت "ئەوەی کریستین نوسیویەتی لە نامە 134 لاپەڕەییەکەی ماجستێرەکەیدا دەچێتە خانەی توڕەهات و بێ ماناییەوە و دەشڵێت بەلانیکەم یەک لەسەر پێنجی ئەو نامەی ماجستێرە لە سەرچاوەی ترەوە وەرگیراون بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکان بکرێت.

لە نێوەندی ڕەخنەکانی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکەدا، کریستین نکوڵی لەو گوناهبارکردنانەی دەکرد و جەختی دەکردەوە لەوەی تەواوی نامەی ماجستێرەکەی زانیاری و بەرەنجامی لێکدانەوەکانی خۆین و هیچی تر.

کورتز، ڕاوێژکاری نەمسا دەڵێت "ڕێز لە بڕیارەکەی کریستین دەگرێت" و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریشدا نوسیویە ڕۆژی دووشەممە ناوی جێگرەوەکەی ڕادەگەیەندرێت.

لە ئەڵمانیای دراوسێی نەمسا، لە ساڵی 2011 و 2013شدا 2 وەزیر پاش ئەوەی بە هەمان شێوە گوناهبارکران، ناچاربوون دەست لە پۆستەکانیان بکشێننەوە.

XS
SM
MD
LG