وەزارەتی نەوت و سامانە کانزاییەکان لە سوریا لۆمەی سزاکانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت ئەو سزایانە حکومەتی وڵاتەکەی ناچارکردووە بە کەمکردنەوەی دابەشکردنی سوتەمەنی.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەم وەزارەتەی سوریادا هاتووە، بە ڕێژەی لە سەدا 24 دابەشکردنی سوتەمەنی لە وڵاتەکەدا کەمکراوەتەوە چونکە سزاکان وەهایان کردووە پێداویستیە تایبەتەکان بۆ پیشەسازی نەوت درەنگ بگاتە دەستی حکومەت.
سوریا بەهۆی شەڕەکانی ناو وڵاتەکەوە وێران بووە و قەیرانێکی گەورەی ئابوریش دروستبووە و وەهای کردووە بەروبوومە دانەوێڵەییەکان و هەروەهاش بەرهەمهێنانی نەوت و پیشەسازییەکانی تری نەوت بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو بڕوات، حکومەتیش ناچار بووە بەوەی ڕێنومایی بدات تا عەمماری سوتەمەنی وڵاتەکە دابەش بکرێت و ئەم هەنگاوەش نیگەرانییەکی زۆری هاوڵاتیانی سوریایی لێکەوتۆتەوە.
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش، لەگەڵ دانانی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لەم پەتایە و قورسترکردنی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی سەپاندونیەتە سەر ڕژێمی سوریا وەهایان کردووە قەیرانی ئابوری سوریا گەورەتر و قوڵتریش ببێت.
ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد هێشتاش لە دەسەڵاتدایە وێڕای شەڕی ناوخۆی سوریا کە 10 ساڵە بەردەوامە.
ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاواش سزایان سەپاندۆتە سەر بەشار ئەلئەسەد و حکومەتەکەیشی و هەروها هاوپەیمانەکانی ڕژێمی سوریاش و لۆمەی ڕژێمی سوریاش دەکەن بۆ کوژرانی سەدان هەزار کەسی سیڤیل لەو شەڕەی لە ساڵی 2011وە لە سوریا دەستیپێکردووە، پاش سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەتی سوریا دەکران.
حکومەتی سوریا دەڵێت ئەو سزایانە، مەینەتییەکانی ژیانی خەڵکی سیڤیلیان زیاتر کردووە.
بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە ئاوارەبوون و بەشێکی زۆری سوریاش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نەماوە. ئەمە بێ لەوەی ئابوری وڵاتەکەش ئیفلیج بووە لە نێوەندی ڕێژەی زۆری بێکاری و گرانیدا.
بە گشتی حکومەتی سوریا پشت بەو نەوتە دەبەستێت کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆی دەنێردرێت. تاران هاوپەیمانی سەرەکی سوریایە، بەڵام سزاکانی ئەمەریکا سەپاندونیەتیە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، وەهایان کردووە قەیرانی سوریا هێندەی تر قوڵببێتەوە.