لەشکری هیندستان دەڵێت ئەو سەربازەی وڵاتی چینی ئازادکردووە کە لە ناوچەی لاداخ دەستگیرکرابوو.
ئازاد کردنی ئەو سەربازەی چین لە کاتێکدایە هەردوو وڵات لە گێرمەوکێشەی سنوریدان لە ناوچە شاخاویەکانی نێوانیاندا.
لەشکری هیندستان ئاماژەشی بەوە کردووە، سەربازەکە لە بنکە سنورییەکەی چوشول مۆڵدۆ دراوەتەوە بە چین.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو، هیندستان ئەو سەربازەی دەستگیرکرد پاش ئەوەی چین ڕایگەیاند ماوەیەکی زۆرە سەربازێکی دیارنەماوە بەهۆی تاریکی و هەروەهاش سەختی و ئاڵۆزی ڕێگەدۆزینەوە لەو ناوچەیەدا.
ئەمەش دووهەم سەربازە لەلایەن لەشکری هیندستانەوە دەستگیر بکرێت لەوەتای بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکان لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.
زۆرجار سەربازەکانی چین و هیندستان لە ناوچە سەختە شاخاویەکانی هێمالایادا ڕێگەیان لێ بزر دەبێت.
قەیرانی نێوان ئەم دوو وڵاتە گەورەیەی ئاسیا، لە مانگی 5ی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و بەهۆی شەڕی دەستەویەخە و بەردبارانکردنی یەکترەوە زیاتر ئاڵۆز بوو، وەک سەرچاوەکانی هەواڵ لە نیودەلهی ئاماژەی پێدەکەن، 20 سەربازی هیندستانی کوژراون.
بڕواش وایە زیانی گیانیش لە لەشکری چین کەوتبێت، بەڵام بێژینگ هیچ زانیارییەکی باس نەکردووە لەسەر زیانە گیانییەکان.