لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە کوردیەکان، ئیدارەی کەرکوک و لایەنە عەرەبیەکان بەهێنانی بەکۆمەڵ عەرەب لە حەویجەوە بۆ نێو کەرکوک تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەوان تۆمەتەکە ڕەتدەکەنەوە.
فاخر حەمید بەرپرسی پەیوەندیە سیاسیەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لەکەرکوک و ئەندامی وەفدی حیزبە کوردیەکان، بەدەنگی ئەمەریکا دەڵێت "دەرهێنانی کارتی زانیاری بۆ ئەو عەرەبانەی لە حەویجە و ناوچەکانی ترەوە هێنراونەتە کەرکوک، ڕوونە کە ئامانج لێی تەعریب کردنی شارەکە و سود لێوەرگرتنیانە بۆ سەرژمێری و هەڵبژاردن."
کورد، عەرەب و تورکمان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، کێبەرکێ لەسەر 12 کورسی دەکەن، تا ڕادەیەک 5 کورسی بۆ لایەنە کوردیەکان لە ناوچە زۆرینە کوردەکان یەکلایی بووەتەوە، هەروەها 3 کورسی لە سنوری حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک بۆ عەرەبەکان و 2 کورسیش لەناو کەرکوک و دەوروبەری بۆ تورکمان یەکلایی بووەتەوە، ململانێی ئەو سێ پێکهاتەیە، لەسەر ئەو دوو کورسیەیە کە دەمێنێتەوە.
شێخ ڕەعد عاسی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک، هێنانی عەرەب لە حەویجەوە بۆ کەرکوک بەمەبەستی دەنگدان ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت"عەرەب لە بازنەی ناوەڕاستی کەرکوک زۆرینەیە، 160 بۆ 170 هەزار دەنگدەری هەیە، ڕاستە هەندێک خێزانی دەوروبەری کەرکوک بەهۆی ڕووخانی ماڵ و حاڵیان هاتوونەتە ناو شار، بەڵام ئەوانە دەنگدەر نین."
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، حیزب و لایەنە کوردیەکان کۆبوونەوە و جموجۆڵیان دەستپێکردووە و دەیانەوێت کەشێکی لەبار بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بڕەخسێنن، لەو چوارچێوەیەدا، دوا سەردانیان بۆ لای حیزبی ئیسلامی عێراقی بوو.
عەلی عەدنان بەرپرسی بەشی سیاسی ناوەندی کەرکوکی حیزبی ئیسلامی عێراقی، بەپێویستی دەزانێت سەرجەم حیزبەکان یەک هەڵوێست بن بۆ خزمەتی کەرکوک، دەڵێت"دەبێت هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، بەشداربن لە ئیدارەدانی کەرکوک، هیچ لایەک خۆی بە ستەم لێکراو نەزانێت."
جموجۆڵ و خۆ ئامادەکردنی حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، لەکاتێکدایە بەشێک لە چاودێران، بەدووری دەزانن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت و پێیانوایە بۆ پایزی ئەمساڵ دوادەخرێت.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە: