Accessibility links

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە حەماس دەدەن


فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوەکانی حەماس لە کەرتی غەززە، پاش ئەوەی فەلەستینییەکان موشەکیان گرتبووە دەوڵەتی جوو.

لەشکری ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوو موشەک لە کەرتی غەززەوە تەقێندراون بە ئاڕاستەی ئەو کەنار دەریایەی نزیکە لە شاری ئاشدۆد.

وەک وەڵامدانەوەیەکیش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەک پێگەی لەشکریانەی حەماسیان کردۆتە ئامانج لە کەرتی غەززە، لەوانە هەندێک لە شوێنەکانی لێدانی تونێلەکان.

هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکانی هێرشە موشەکییەکەی فەلەستینییەکان نەدراوە و هەندێک لە سەرچاوە لەشکرییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، موشەکەکان کەوتوونەتە دەریای ناوەڕاستەوە.

سەرچاوە ئاسایشییەکانی فەلەستینییەکانیش دەڵێن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، کێڵگەیەکیان کردۆتە ئامانج لە باشوری ناوچەی خان یونس و زیانی ماڵی هەبووە و وەک دەڵێن زیانی گیانی نەبووە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە موشەکییانە ڕانەگەیاندووە کە لە کەرتی غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماسەوە دەکرێنە سەر ئیسرائیل.

فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و لە کەناری ڕۆژئاواش بەرەو هەڵبژاردنی گشتی خۆیان دەڕۆن و بڕیاریشە ئەو هەڵبژاردنانە لە مانگی 5 و 7دا بکرێن. ئەمەش یەکەم هەڵبژاردنی فەلەستینیییەکانە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا.

ئەم هەڵبژاردنانەش هاوکاتە لەگەڵ باشتر بوونی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوە میلیشیاییەکەی حەماس و ڕێکخراوی فەتح کە مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان سەرۆکایەتی دەکات.

لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2006دا، ڕێکخراوی حەماس سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراوی گەورەی بەدەستهێنا.

ئەو دەنگدانە، بووە مایەی دروستکردنی حکومەتێکی یەکگرتوو، بەڵام زوو بە زوو هەڵوەشایەوە. لە ساڵی 2007دا شەڕی خوێناوی لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا دروست بوو و بەرەنجامەکەشی کۆنترۆڵکردنی غەززە بوو لە لایەن حەماسەوە.

XS
SM
MD
LG