2 هاوڵاتی سوریایی، لە ئەڵمانیا بە تێرۆریزم گوناهبار دەکرێن بەهۆی کوشتنی ئەفسەرێکی لەشکرەوە.
دادپارێزان دەڵێن، ئەو دوو هاوڵاتییە سوریاییە لەسەر بنچینەی هەبوونی پەیوەندی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستییەوە گوناهبارکراون و هەروەهاش دەستیان هەبووە لە کوژرانی ئەفسەرێکی لەشکردا لە ساڵی 2012دا لە سوریا.
خدر ا. ک، بە تاوانی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تێرۆریستیدا گوناهبار کراوە و هەروەها سامی ا. س، بە پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی گوناهبارکراوە. هەردوو گوناهبارکردنەکەش لەسەر بنچینەی ئەو دەنگۆیانەن کە کاریان بۆ بەرژەوەندی بەرەی نوسرە کردووە. بەرەی نوسرە لەو کاتەدا ڕێکخراوێکی سەر بە تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە بووە لە سوریادا.
دادپارێزان لە ئەڵمانیا ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەشیان بەوە کردووە ئەو دوو هاوڵاتییە سوریاییە، گومانباریشن بە بەشداریکردن لە کوشتنی ئەفسەرێکی باڵا لە مانگی 7ی ساڵی 2012دا.
دادپارێزان دەڵێن، خدر پاسەوانی ئەفسەرەکە بووە کاتێک براوە بۆ مەیدانی جێبەجێکردنی سزای مردن بەسەریدا، هەروەها دەشڵێن، سامی گومانبارە بە وێنەگرتنی ڤیدیۆیی تەقە لێکردنی ئەفسەرەکە و ئامادەکردنی ئەو فلیمە ڤیدیۆییە بۆ پڕوپاگەندەکردن.
تا ئێستا نەزانراوە ئەو دوو هاوڵاتییە سوریاییە لە کەیەوە چوونەتە ئەڵمانیا.