گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دەستەواژەیەکی گرنگە بۆ حکومەتە دیموکراسییەکان و لە سادەترین پێناسەیدا "بە ئاشتیانە و بەبێ بوونی هیچ کێشەیەکی بنجینەیی دەسەڵات لە حکومەتی پێشترەوە دەگوێزرێتەوە بۆ حکومەتی نوێی هەڵبژێردراو یان دەستنیشانکراو."
مەرج نییە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە هەموو وڵاتەکاندا وەک یەک بن، لە هەندێک وڵاتدا کاتێک ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێت لە حکومەتێکەوە بۆ حکومەتێکی تر هەست بە هیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی کە هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوای تیادا ناکرێن.
لە ئەمەریکا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات کرا پاش هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی لە ڕۆژی 3ی مانگی یازدەی ڕابردوو. ڕۆژی 20ی مانگی یەک، بەڕێوبەرایەتی کۆمارییەکان گواسترایەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی نوێی دیموکراتەکان.
لە ئەمەریکا ڕۆژی 20ی مانگی یەک دانراوە بۆ ڕۆژی سوێندخواردنی یاسایی سەرۆکی ئەمەریکا. هیچ لایەنێک یان هیچ دەسەڵاتێک ناتوانن ئەم ڕۆژە دوابخەن یان بیگۆڕن.
میوانی بەرنامە:
کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی نێوەندی توێژینەوەی ئەمریکی کوردی
وەک بارێکی باو سەرۆکی 4 ساڵی ڕابردووی ئەمەریکا ئامادەی ئەو مەڕاسیمی سوێندخواردنە دەبێت، ئەڵبەت بەشداری سەرۆکی پێشوو وەک ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بڕوابوون بەو کۆمەڵە پرەنسیپەی پێی دەگوترێت بەهاکانی ئەمەریکا.
لە مەڕاسیمی سوێندخواردنە یاساییەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سەرۆک جۆو بایدندا، دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەشدارینەکرد.
ئەم مەڕاسیمی ئاڵوگۆڕەی دەسەڵات لە لەئەمەریکا، لە شاری واشنتۆنی پایتەخت بەڕێوە دەچێت، لە کاتێکدا لە تەواوی ئەمەریکادا ژیانی ڕۆژانە بە شێوە ئاسایی و ڕۆتینییەکەی خۆی بەڕێوە دەچێت.
لە سیستەمە دیموکراسییە پێشکەوتووەکاندا، هەڵبژاردن دەبێتە میکانیزمە سەرەکییەکەی گواستنەوەی دەسەڵات، لە کاتێکدا لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ڕێی کودەتا و ناچارکردن و زۆرەملێییەوە دەکرێت.
دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لە جیهانیشدا بە هەمان ئاستی گرنگییەوە لێی دەڕوانرێت، لەو ڕوانگەیەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی هەیە لەو ڕێبازانەی بۆ سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکا دەستنیشان دەکرێن.
ئایا ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان چەندێک کاریگەرییان هەیە لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لە وڵاتەکاندا؟
ئایا بەهاری عەرەب توانی پرەنسیپەکانی ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانەی دەسەڵات بێنێتە ئاراوە؟
ئایا شوێنێک بۆ کورد هەیە لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکادا؟
ئایا نەبوونی ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانەی دەسەڵات لە هەندێک وڵاتدا، هەر تەنها پەیوەندی بە نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەواوە هەیە؟
کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی نێوندی توێژینەوەی ئەمریکی کوردی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: