هێرشه‌کانی داعش بۆ سه‌ر پارێزگا جیاجیاکانی عێراق تا دێت چڕتر ده‌بێته‌وه، شه‌وی ڕابردوو، داعش هێرشێکی فراوانی کردووه‌ته سه‌ر لیوای 22 ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوچه‌ی عێسی سه‌ربه پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، که له هێرشه‌که‌دا، ژماره‌یه‌کی زۆر چه‌کداری حه‌شدی شه‌عبی کوژراون و برینداربوون.
هه‌رچه‌نده به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی ژماره‌ی قوربانیانی هێزه‌که‌یان نادرکێنن، به‌ڵام به‌رپرسانی ناوچه‌که، زانیاری جیاجیان له‌باره‌ی ژماره‌ی چه‌کداره کوژراوه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی خستووه‌ته‌ڕوو.
عه‌لی حسێنی وته‌بێژی میحوه‌ری باکوری عێراقی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت"له‌هێرشه‌که‌ی داعش دا، 10 چه‌کداری حه‌شد گیانیان له‌ده‌ستداوه، 17 چه‌کداری داعش‌یش کوژراون."
وتیشی"هادی عامری و به‌رپرسانی باڵای عێراق، له‌ئێستادا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ناوچانه‌ی که داعش هێرشه‌که‌ی تێدا ئه‌نجامداوه."
به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له هێرشه‌که‌ی شه‌وی ڕابردووی داعش بۆ سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی، زانیاری جیاوازتری بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد ته‌رمی هیچ داعشێک به‌کوژراوی له‌ناوچه‌که‌دا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا سه‌رووی 20 چه‌کداری حه‌شد کوژراون و ژماره‌یه‌کی تریشیان لێ برینداربووه، که له‌نێو کوژراوه‌کاندا، فه‌رمانده‌یه‌کی تێدایه.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌که، چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر داعش په‌یامی بۆ لیوای 22 ی حه‌شدی شه‌عبی ناردووه، تا ناوچه‌که چۆڵ بکه‌ن، به‌ڵام داواکه‌ی داعشیان ڕه‌تکردووه‌ته‌وه، بۆیه داعش هێرشێکی بڵاویکردووه‌ته سه‌ریان و سێ ڕه‌بیه‌ی کۆنترۆڵکردووه، جگه له کوژران و برینداربوونی ئه‌و ژماره چه‌کداره‌ی حه‌شد، سێ ئۆتۆمبێلیشیان بردووه.
عه‌لی حسێنی وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی، باسیله‌وه‌کرد ژماره‌یه‌کی زۆر چه‌کداری داعش له سوریاوه هێنراونه‌ته عێراق، بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ئه‌منی شاروشارۆچکه‌کان، وتی"ده‌یانه‌وێت به داعش عێراق تێکبده‌ن، ناوچه‌که له نزیک به‌غداوه بۆ سنوری سوریا به‌رفراوانه و داعش له‌وێوه دێنه عێراق."
چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ریش، سه‌رکرده‌یه‌کی داعش به‌ناوی ئه‌بو حه‌مزه قوره‌یشی، له تۆمارێکی ده‌نگی دا، هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رفراوانکردنی هێرشه‌کانی کردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی عێراق کۆنترۆڵ ده‌که‌نه‌وه، که له‌ده‌ستیانداوه.
هێرشه‌کانی شه‌وی ڕابردووی داعش، له‌کاتێکدایه ماوه‌ی زیاتر له هه‌فته‌یه‌که، هێرشی چه‌کدارانی ئه‌و ڕێکخراوه بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی جه‌له‌ولای پارێزگای دیاله به‌رده‌وامه، له‌سنوری پهڵکای سه‌ربه قه‌زای خورماتوش، سه‌رقاڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی بۆمبی چێنراون، بۆیه ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه هاوپه‌یمانان، له په‌ڵکانه سه‌رقاڵی ئۆپه‌راسیۆنن.
مه‌لا حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و جێگری مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرین ی یه‌کێتی، پێیوایه زیندوو بوونه‌وه‌ی داعش له عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌یان له سوریاوه، په‌یوه‌ندی به جوڵاندنی ئه‌و هێزه‌وه هه‌یه له‌لایه‌ن وڵاتانی ئیقلیمیه‌وه، وتی"داعش بوون به گروپ به گروپ، هه‌ر گروپه و لایه‌ک ده‌یانجوڵێنێت."
سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌کدارانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی که له هێرشه‌که‌ی شه‌وی ڕابردووی داعش دا، له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین کوژراون، سه‌ر به هێزه‌کانی به‌درن، هه‌ربۆیه ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه، هادی عامری سه‌رۆکی ڕێکخراوی به‌در، گه‌یشته پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.