ڕاوێژکارێکی پێشووی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئاماژەبەوە دەکات تورکیا دەیەوێت دۆخی ئێستای عێراق بقۆزێتەوە و بەرەو شەنگال بجوڵێت، لەکاتێکدا ئەمە پێشێلکاری و سنوربەزاندنە، بەتایبەت ڕەوشی شەنگال تا ئێستا سەقامگیری بە خۆوە نەبینیووە و چەند ناوەندێکی خاوەن پێگە، تێیدا بوونیان هەیە، بۆیە ئاڵۆزی دروستبووە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە تورکیا دەیەوێت، سنوری نێوان باشور و رۆژاوای کوردستان کۆنترۆڵ بکات، بەتایبەت ناوچەی شەنگال کە دەڕوانێتە سەر دەشتاییەکانی موسڵ دا، لەڕووی سیاسی و سەربازیەوە بۆ تورکیا گرنگە، بۆیە بەشێوەیەکی ناشەرعی چاوی تێبڕیووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سالار مەحمود هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرانبەر جوڵەکانی تورکیا بەلاواز وەسفدەکات، بەپێویستی دەزانێت هەرێم هەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاوانەی بەرانبەر تورکیا هەبێت، لەگەڵ عێراقیش ڕێککەوتنێکی تۆکمە ئەنجام بدات، لەسەر بنەمای تێگەیشتن لەو ناوەندانەی لەشەنگال ڕۆڵیان هەیە، واتە خەڵکەکەی، تا بتوانن ئیدارەیەکی هاوبەش پێکبهێنن،دەڵێت"گەر هەرێم لەم پرسەدا، بەخێرایی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن نەکات، تورکیا درزی نێوان هەرێم و بەغدا دەقۆزێتەوە و بەخراپی کەڵکی لێوەردەگرێت، بەتایبەت هەڕەشەکانی تورکیا لەو ڕوانگەوەیە، دەزانێت پەیوەندی هەرێم و بەغدا خراپە، بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات، عێراق ڕازی بکات، تا سوپا بگەڕێنێتەوە سنورەکان، لەکاتێکدا تورکیا ڕێککەوتنی 50 ساڵەی لەگەڵ هەرێم هەیە، دەیەوێت ڕێککەوتنی تازە لەگەڵ عێراق بکات، تا سود لەم ڕێککەوتنە وەربگرێت، بۆ پەلکێش کردنی عێراق بۆ پەلاماردانی پەکەکە."
ڕاوێژکارەکەی پێشووی سەرۆکایەتی کۆمار، پێیوایە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سیاسەتێکی قەبوڵکراو نیە، بۆیە پەرلەمانی ئەوروپا سەرکۆنەی کردووە، ئیدارەی نوێی ئەمەریکاش، ناڕازین لەسیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، دەڵێت"دوورنیە، ئەمەی شەنگال، داوێک بێت بۆ تورکیا، تا لەڕووی ئابووریەوە سزا بدرێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا، دەبێت هەرێم و بەغدا، ڕاستەوخۆ دژی پەلاماری تورکیا بۆ شەنگال بوەستنەوە."
لەسەر ئاستی نوخبەی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە جوڵەی تورکیا و قۆستنەوەی، دوو بۆچوون دروستبووە، بەشێک پێیانوایە هەرێم دەیەوێت سود لە ئاڵۆزیەکان وەربگرێت و بەرەو بیرە نەوتیەکانی ژێر کۆنترۆڵی عێراق بکشێت، بەشێکی تر، پێیانوایە عێراق دەێەوێت دەرفەتەکە بۆ پەلاماردانی بیرە نەوتیەکانی گوێر بقۆزێتەوە، لەوبارەیەوە سالار مەحمود وتی"هەرێم لە ئێستادا توانای کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی نەماوە، بەپێچەوانەوە، لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی دۆسیەی نەوتیشدایە، بەهۆی فشارەکانی عێراقەوە، ئەمانە دەرخەری لاوازبوونی پێگەی هەرێمن، لەم لاوازیەدا، عێراق و تورکیا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەیە، ڕاستە ئێمە هاوبەشین لەگەڵ عێراق، بەڵام بەبەرنامە کار بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم دەکرێت."
وتیشی"عێراق دەوڵەتێک نیە، بەهەشتی بۆ خەڵکەکەی خوڵقاندبێت و لای ئێمەش دۆزەخ بێت، ئەوان فریادڕەس بن، بۆیە قەبوڵکردنی شەعبی گەڕانەوەی عێراق بۆ سنورەکان، مەترسیدارە."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، تورکیا دەیەوێت بێتە شەنگال، تا لەعێراقی داهاتوودا، ڕۆڵی هەبێت، ئینجا ئەو وڵاتە حەز بەمانەوەی قەوارەی هەرێم ناکات، دەیەوێت قەوارەکە لاوازتر بکات، دەڵێت"دەیەوێت سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان کۆنترۆڵ بکات، ئەمە لەڕووی قوڵایی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، بۆ ئێمە مەترسیدارە."