دەمەوێت بە پرسیارێکی فرە ڕەهەند لە بارەی شیعرەوە دەستپێبکەم؛
کام شیعرەیە ڕۆحمان دەهەژێنێت؟ کامە شیعرە، خەون و ئازارەکانمان دەلاوێنێتەوە، کام شیعرەیە لەگەڵ یاخیبوونەکانماندا لە پێناو ژیان دۆستیدا ڕێگە دەبڕێت؟
بە کوردی و بە کورتی، لای من ئەو وێنە شیعریانە هەمیشە جێی سەرنج و وردبوونەوەن کە دەبنە بەڵگە بۆ پاشخانێکی پڕ لە بیرکردنەوە لە کۆمەڵگە و لە تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەو وێنە شیعریانەی تژی بن لە جوانی و ناسنامەکانی ئیستاتیکا، لێوانلێو بن لەو یاخیبوونە شاعیرانەیە لە بەرامبەر کۆمەڵگە و مرۆڤ و ئاین و کلتور و سیاسەت و ئەو لێکدانەوە سەقەتانەی بۆ ژیان دەکرێن.
جیهانی بێ کەرامەت، بە بەرائەتی خۆمەوە سەیرت دەکەم و تەریق نابێتەوە
جیهانی بۆگەن تۆ زێرابی، لەبەردەم مزگەوتێکدا سەوز دەبیت
جیهانی درۆزن تۆ مزگەوتی، لەبەدەم درۆدا شین دەبیت
تۆ قوتابخانەی، منداڵەکانت تێنووسەکانیان تژییە لە بارووت
مامۆستاکانت، وانەکانیان کتێبێکە وەک خۆیان پەرپووت
جیهان، تۆ زۆر بێ ئەدەبی
ئەم هەم مرۆڤە درۆزنەت تێدا جێدەبێتەوە
ئەم هەموو هەرا و هەورە هەڵدەگریت
ئەم هەموو سەهۆڵەت تێدا دەتوێتەوە
دنیا تۆ زۆر بێ شەرم و بێ کەرامەتی
ئەم هەموو هەژارە لە هەناوتدا، برسێتی دەیانگۆڕێت بە شتێکی تر
ئەم هەموو سەگە تێتدا دەوەڕێت،
ئەم گشت ئەسپە تێتدا دەگلێت
جیهان تۆ زۆر درۆزنی، ڕۆژهەڵاتت تێدا جێ دەبێتەوە و ڕۆژئاواش
جارێک لە پاریسدا جوانی نیشانی خەڵک دەدەیت،
جارێک لەسموود_دا، سەگێک ئەنفال دەکەیت!
نەک هەر لای من، بەڵکو دەشێت لای زۆربەی خوێنەرانیش ئەو جۆرە وێنە شیعریانە بە زیندوویی بمێننەوە کە ئەزموونی ڕۆژگارە بێ مروەتەکان دەنوسنەوە و بوێرانە (لەگەڵ ڕەچاوکردنی هونەری شیعردا) پەنجە دەکەن بە چاوی چەواشەکاریدا.
ئەڵبەت گرنگە بزانرێت کێن خاوەنی ئەو جۆرە وێنە شیعریانە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە لە چ جوگرافیایەک و لە ژینگەی چ دنیایەکی سەپێندراودا نوسراون.
خۆ ئەگەر خانمێکیش ئەو وێنە شیعریانە بنوسێت و لە گەرمیانەوە دەست بەو هەنگاوانەی بکات و بەبێ هیچ کۆنترۆڵێک وێنەی هەستەکانی خۆی بگرێت و لەگەڵ هەموو جوانی شیعرەکانیشدا، بە گومانەوە لێیان بڕوانێت.
هەر بۆیەشە بە ئەرکی ڕۆژنامەوانی خۆمی دەزانم، هەڵوەستەیەک لەبەردەم ئەم ئەزموونەدا بکەم.
گەرچی تیشکەکانم دراونەتە بەر چەقۆ
بەڵام هەموو سبەینانێک
خۆر لە ژوور سەرمەوە هەڵدێ!
گەرچی تریفەکانم دراونەتە بەر تیر
بەڵام لە نێو جەرگەی شەوا
مانگ لە شوێن پێکانمدا ئەڕژێ!
ئەزانی بۆ لەنێو ئەم هەموو جەنگەدا
هێند خۆڕاگر و هێند جوان و میهرەبانم؟!
ئەزانی کێم؟
من ئافرەتــــم!!
من زەعیفە و من بچوک نیم
من ژیانم!!
سارا مەجید، لە نوسینەکانیدا گەرمەسێر جێدەهێڵێت و سنورەکان دەشکێنێت و بە بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە، دوێنێمان بیر دەخاتەوە و دەمانخاتە بەردەم ئەمڕۆ و بە سبەینێمان ئاشنا دەکات.
لە ڕێی وێنە شیعرییەکانیەوە دەخوازێت لەگەڵ خودی خۆماندا ئاشتمان بکاتەوە و بە زمانێکی شاعیرانەوە، وانەیەکی تر بۆ ژیاندۆستی دەڵێتەوە.
سارا، یەکێکە لە شاعیرە یاخییەکانمان، یاخیبوونێکی شاعیرانە و دەچێتە ئەودیوی ڕەهەندەکانی بڤە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێی نوسینەوەی خودی خۆیەوە، لەو ساتانەی بڕیار دەدات هزر و خەیاڵەکانی خۆی ئاشکرا بکات و تایبەتمەندێتی خۆی لە شیعردا ڕابگەیەنێت.
ئەمەش لای ئەم شاعیرەمان، کردە ڕاستەقینەکەی شیعر و ناسنامە باڵاکەی شیعرە و زمانی بوونی خۆیەتی.
بلەرزە، زەوی بلەرزە
لەتاو بێ هەتاوی ئاسمانی ئێمە بلەرزە
لەژێر کێوی بێستونی بێنەوامان
تا دەتوانی، هەر بێ و بچۆ و بلەرزە
بلەرزە خۆڵی پڕ تەپوتۆزی ئافات
لەبەر بێ نازی، خاکوخۆڵی (نالی) بلەرزە
لەبەر ئازاری کورد، بەسەر شانوملی
خۆڵاویتەوە، دەلەرزی
زیڕەکردوو لە ئازاری سەری ئێمە، بلەرزە
ئێمە کوردین، ئاشنامانی
شارەزای شەوی مەرگمانی
بۆنی خۆڵی نێو دەمی
شۆفڵێکی هەشتاوهەشتین بە لوتتەوە
تا دەتوانیت، خۆڵی خانوو و ئاسمان و خوا
بکە بەسەرماندا و بلەرزە
ئێمە منداڵێکی بەجێماوین بە سنگی عومەری خاوەرەوە
ئاشنامانی
تا دەتوانیت لە باوەشی باوکماندا
خانووەکانت، بڕمێنە سەرماندا و بلەرزە!
بەکارهێنانی زمان لای سارا مەجید، ڕەهەندێکی ئازادانەی هەیە و زمان پەل دەهاوێت بۆ ژمارەیەک مانا و واتای زیاتر لە وێنە شیعرییەکانیدا و لەگەڵ ئەوەشدا کە زمان لە شیعرەکانیدا ئازادە، بەڵام نەرمونیانی زمانیشی پاراستووە و ئەمەش وەهای کردووە، ماناکان لە شیعرەکانیدا ئاڵۆز نەبن.
*لە تێکستە شیعرییەکاندا کارکردن لەسەر چەمکەکان گرنگی خۆیانیان هەیە، چ چەمکێک پێویستە کاری زیاتری لەسەر بکرێت، بۆ نمونە ئایا چەمکی خۆشییە؟ یان ناخۆشییەکان؟ ئایا چەمکی ژیانە یان مردن؟ یان هەر چەمکێکی تری شاعیر بە گرنگی دەزانێت؟
*گومان لای زۆرێک لە شاعیرەکانمان ڕەهەندێکی گرنگە بۆ داهێنان، گومان لە ژیان، لە مەرگ لە تاریکی لە ڕۆشنایی، لە ئاو لە بەرد ...هتد... ئایا سارا مەجید چەند بە گومانە لە بوونی خۆی یان لە دەوروبەر یان لە تێکستەکانی خۆیشی؟
*لە شیعردا، گرنگە مانا و ئاماژەکانی وشە بزانرێت، ئەمە ڕێبازێکی ڕەخنەیەیی نییە تا ڕاڤە و لێکدانەوەی بۆ بکرێت، هێندەی ئەوەی پەیوەستە بە زانین و قاڵبوونەوە لە زماندا، ئایا دەکرێت تێکشکاندنی زمان لە شیعردا بخرێتە خانەی داڕشتنەوە و وێناکردنەوەیەکی تری زمانەوە؟
سارا مەجید، نوسەر و شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە: