Accessibility links

حزبوڵا دەڵێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارێ و تەلئەڤیڤ پشڕاستی ناکاتەوە


ڕێکخراوی میلیشیایی حزبوڵای لوبنان دەڵێت چەکدارەکانی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان خستۆتە خوارێ لە گوندێکی باشوری لوبنان، هاوسنوری ئیسرائیل.

لەشکری ئیسرائیل ئەم هەواڵەی حزبوڵای پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام دەڵێت یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لەناو سنوری لوبناندا تێکشکاوە و دەشڵێت هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە بۆ بڵاوبوونەوەی زانیارییە وردەکان لەسەر ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پاش تێکشکاندنەکەی.

ئەم ڕووداوە پاش چەند مانگێکە لە بەرزبوونەوەی ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکان هاوکاتی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە سوریادا بۆسەر بنکەکانی ئەو چەکدارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات.
حزبوڵا سوێندی خوارد لەسەر تۆڵەکردنەوە پاش کوژرانی یەکێک لە چەکدارەکانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە ساڵی پاردا.

کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەنار، سەر بە حزبوڵای لوبنان دەڵێت هەر کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی ئیسرائیل هاتۆتە ناو سنوری لوبنانەوە، دەستبەجێ تەقەی لێکراوە و لە نزیک گوندی بلەیدە، نزیک لە سنوری ئیسرائیلەوە کەوتۆتە خوارەوە و دەشڵێت "لە ئێستادا چەکدارەکانی حزبوڵا، فڕۆکەکەیان لەبەردەستدایە."

لەشکری ئیسرائیل دەڵێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە کاتی کردەیەکی ڕۆژانەی سەر سنوردا کەوتۆتە خوارێ.

دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل سنوری ئاسمانی لوبنان دەبەزێنن و هەندێک جاریش بۆردومانی ناو سوریا دەکەن.

لە ساڵی 2006دا، حزبوڵای لوبنان کەوتە شەڕێکی یەک مانگییەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا. پێشتریش حزبوڵا ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستۆتە خوارێ.

XS
SM
MD
LG