وتەبێژێکی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت "بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا هێشتا سورە لەسەر سەردانی ڕوسیا وێڕای سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران" و دەشڵێت جۆسپ بۆرێل دەخوازێت سەردانی ئالێکسی ناڤاڵنی، ڕەخنەگر لە کرملن بکات لە گرتوخانەکەیدا.
بڕیارە بۆرێل ڕۆژی 5شەممە بگاتە مۆسکۆ، پاش دوو ڕۆژ لە دادگایی کردنی ناودارترین ئۆپزسیۆنی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا. وەها چاوەڕوان دەکرێت لەو دادگاییەدا سزایەکی قورس بسەپێندرێت بەسەر ناڤاڵنیدا.
بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا، کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆری پایتەختەکانی ئەوروپاوە تا سەردانەکەی بۆ ڕوسیا هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمەش یەکەم سەردانی گەورە کاربەدەستێکی برۆکسلە بۆ مۆسکۆ لەوەتای ساڵی 2017وە، فشاری ئەوروپاییەکانیش بۆ ئەوەیە نەک ئەم سەردانە وەربچەرخێت بۆ پڕوپاگەندەیەک بۆ کرملن.
لەگەڵ ئەم فشارانەشدا بەڵام وتەبێژەکەی یەکێتی ئەوروپا جەخت دەکاتەوە لەوەی سەردانەکە دەکرێت.
پیتەر ستانۆ دەڵێت " بەردەوامی و بەرفراوانی دەستگیرکردنەکان و بەکارهێنانی هێز لە دژی خەڵک لە ڕوسیادا کە لە ڕاستیدا دەیانەوێت ڕای سیاسی خۆیان دەربڕن، جێی قایل بوون نییە."
ستانۆ دەشڵێت "ئەمە یەکێکە لەو دۆسێیانەی پێویستە لەگەڵ هاوشانە ڕوسیاییەکاندا باس بکرێت و یەکێکیشە لەو دۆسێیانەی بۆرێل دەخوازێت باسی لێوە بکات."
وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەشی بەوە کردووە کاتێک باس دێتە سەر بەڕێز ناڤاڵنی وەک دەڵێت "بێگومان لە پەیوەندیداین بە تیمەکەی ناڤاڵنیەوە تا بزانین شیانەکان چین بۆ ئەو کۆبوونەوەیە تا بکرێت."
بەڵام دەشڵێت ئەم بابەتە کەوتۆتە سەر دەسەڵاتدارانی ڕوسیا بۆ ڕێگەپێدان بەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ ناڤاڵنی و دەڵێت "پێداناگیرێت، بەڵکو هەوڵ دەدرێت لەگەڵ هاوشانەکەتدا لەسەر دایاریکردنی بەرنامە و کارنامەی سەردانەکە."
هێزە ئاسایشییەکانی ڕوسیا لە ڕۆژی یەکشەممەدا زیاتر لە 5000 کەسیان دەستگیرکردووە لە خۆپیشاندەرانی سەرانسەری وڵاتەکەدا کە داوای ئازادکردنی ناڤاڵنییان دەکرد.
ئالێکسی ناڤاڵنی، لە پاش گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە دەستگیرکراوە.
ئەم ڕێبەرەی ئۆپزسیۆنی ڕوسیا، بۆ چارەسەرکردنی تەندروستی چووبووە ئەڵمانیا پاش ئەو ژەهراویبوونەی خەریک بوو بەهۆیەوە گیان لەدەست بدات.
دادپارێزان، ئەمڕۆ دووشەممە پشتیوانییان لەو داوایە کردووە بۆ زیندانی کردنی ناڤاڵنی بۆ چەند ساڵێک وەک دەڵێن پێشێلی مەرجەکانی سزایەکی کردووە کە پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو.