ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی، ئاماژەبەوەدەکات کونسوڵخانەی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنساو کەنەدا، لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمدا گفتووگۆیان کردووە، هانیانداون تا ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان لاببرێن، دەشڵێت "نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، پێیوتین: ئێمە نە گرنگی بە ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان، نە گرنگی بە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیش دەدەین، دەبێت لەمەودوا گرنگیان پێبدەین."
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان غەریب، ئاماژەی بەسەردانی ئەم دواییەی ڕێکخراوەکەی بۆ لای سەرۆکی هەرێم کرد، وتی"عێراق زیاتر لە 500 ڕۆژنامەنوسی تێدا کوژراوە، بەڵام کاتێک باسی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکرێت لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکاندا، عێراق و هەرێم پێکەوە ناویان دێت، نێچیرڤان بارزانی سەرنجی ئەمەی دابوو، وتی: دەبێت بەجدی بیر لەمە بکەینەوە، هانی حکومەت بدەین، تا ڕاپۆرتەکان بەهەند وەربگرێت."
بەڵێنی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین و میدیا، لەکاتێکدایە دەستگیرکردن و پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەردەوامی هەیە، چەندین دەستگیرکراوی تۆمەتبار بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان، هێشتا لە زینداندان، لەوبارەیەوە ڕەحمان غەریب، ڕوونیکردەوە لەنێو حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا، دوو ئاراستە یاخود دوو بیرکردنەوە بوونی هەیە، ئاراستەیەکیان خەڵکانی توندڕەون و مامەڵەیان خراپە، بەڵام ئاراستەکەی تریان مامەڵەو بیرکردنەوەیان جیاوازە.
لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، ئاشکرایکرد کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی تر، بەردەوام لەەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بۆ لابردنی ئاستەنگەکان گفتووگۆ دەکەن، ئامانجیان فراوانکردنی ئازادی کاری میدیا و ڕادەربڕینە، بەڵام بەهۆی عورفی دبلۆماسیەوە، ئەوانە بڵاوناکەنەوە، وتی"کونسوڵخانەکان پەرۆشن بۆ فراوانکردنی ئازادی کاری میدیا، چونکە ئەمە پەیوەندی بەمەسەلەی دیموکراسیەوە هەیە و نایانەوێت هەرێم لەمەدا بکەوێ."
ڕەحمان غەریب، ڕوونیشیکردەوە کونسوڵی وڵاتان سەردانی هەموو لایەنە حکومی و حیزبیەکانیان کردووە، بەشێک لەسەردانەکانیان پەیوەندیدار بوون بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن و ئازادی خۆپیشاندانەوە، تەنانەت قسەشیان لەسەر ئەو کەسانە کردووە، کە بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان لەزیندان ماونەتەوە، چیرۆکی فەرمی گیراوەکان شتێکە و ئەوەشی ئێمە دەیزانین شتێکی ترە.
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بۆ دەستکاریکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری و جێکردنەوەی میدیای ئەلیکترۆنی تێیدا، دەبێت مەسەلەکان بە تەوافق و ڕێککەوتن ئەنجام بدرێن، گۆڕانکاریەکان بەشێوەیەک بن، لە خزمەتی فراوانکردنی کاری میدیایی دا بن.